سەربازێکی چینی دوای 54 ساڵ گەڕایەوە وڵاتەکەی

12-02-2017 07:22
سەربازەکە وێنەی دایکی بەرزکردوەتەوە کە لەساڵی 2006 کۆچی دوایی کرد و هەرگیز چاوی پێی نەکەوتەوە

 

پەرەگراف 

 

سەربازێکی چینی دوای ئەوەی لەساڵی 1963 بەهەڵە دەچێتە وڵاتی هیندستانەوە، لەو کاتەوە نەیتوانیوە لەو وڵاتە بێتەدەرەوەو تا وەفدێکی دیبلۆماسی وڵاتەکەی توانیان بیگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆی.

 

وانگ کی، لەساڵی 1963 کاتێک وەک سەربازی لەریزی سوپای وڵاتەکیدا بووە، بەڕێکەوت دەچێتە خاکی هیندستانەوەو لەوێ دەستگیردەکرێت، دواتر کە ئازاد دەکرێت هیچ بەڵگەنامەیەکی پێویستی پێ نابێت تا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی‌و بەو هۆیەوە بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج دەیە لەو وڵاتە گیردەخوات.

 

رۆژی هەینی رابردوو سەربازیە چینییەکە بەیاوەری وەفدێکی دیبلۆماسی وڵاتەکەی و منداڵەکانی لەهیندستانەوە گەڕایەوە چین. لەکاتی گەڕانەوەشیدا ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیانی شارەکەی بەخێرهاتنەوەیان کردو بەبانەری گەورە نووسیبوویان "بەخێربێیتەوە بۆ نیشتمان، سەرباز، گەشتێکی قورست هەبووە."

 

سەربازە چینییەکە لەگەڵ خێزانە هیندییەکەیدا
سەربازە چینییەکە لەگەڵ خێزانە هیندییەکەیدا

 

وانگ کی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی هیندستانەوە بەڵگەنامەی پێویستی پێ درابوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، بەهەمان شێوە خێزانەکەشی کە لەهیندستان پێکی هێناوە، پاسپۆرتی هیندستانیان پێ درا تا بتوانن لەگەڵدا گەشت بکەن. بەڵام ژنە هیندییەکەی بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی لەگەشتەکەدا لەگەڵیدا بێت.

 

ئەو سەربازە باس لەوە دەکات کە لەمانگی یەکی 1963 کاتێک لەریزی سوپای چیندا بووە، لەکەمپەکەیان چوەتە دەرەوەو رێگای ون کردوەو نەیتوانیوە بگەڕێتەوە لای هاوڕێکانی، دواتر ئوتومبێلێکی خاچی سوری بینیوەو داوای یارمەتی لێ کردوون، ئەوانیش ڕادەستی سوپای هیندستانیان کردوە.

 

دواتر ئەو سەربازە بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەبەندینخانەدا دەبێت، کە ئازاد دەکرێت بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەنامەیەکەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، بۆیە لەهیندستان دەمێنیتەوەو لەگەڵ ژنێکی ئەو وڵاتەدا خێزان پێک دەهێنێت.

 


ساتی گەیشتنەوەی سەربازەکە بۆ زێدی خۆی