خەرجیی یەك مانگی ترەمپ چەند هێندەی ئۆبامایە؟

23-02-2017 12:09
پێشتر ڕخنەی لە ئۆباما گرتووە ئێستا خۆی بە یەك مانگ هێندەی یەك ساڵی ئۆباما پارە خەرج دەكات.

پەرەگراف

 

خەرجیی یەك مانگی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا هێندەی خەجیی یەك ساڵی ئۆبامایە، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر ترەمپ ڕەخنەی لە ئۆباما گرتووە كە لەكاتی سەرۆكایەتییەكەیدا گەشتی زۆر كردووەو پارەی خەرج كردووە.

 

بەپێی واشنتنۆ پۆست، مانگانە ترەمپ 10 ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ پاراستنی لەلایەن هەوڵگریی ئەمەریكاو پۆلیس‌و دامودەزگاكانی دیكەو گەشتەكانی، ئەوە لەكاتێكدایە ئۆباما بۆ یەك ساڵ ئەو بڕە پارەیەی پێویست بووە.

 

لەیەكەم مانگی سەرۆكایەتیدا ترەمپ سێ گەشتی كردووەو چووە بۆ مارا لاگۆ بۆ پشوودان كە لەویلایەتی كالیفۆرنیایەو شوێنێكی خۆشی گەشتیارییە، فڕۆكەكەی ترەمپ كە پێشتر هی ئۆباما بووەو ناوی (ئێر فۆرس وەن)ە خەرجیی هەر كاتژمێرێك فڕینی 180 هەزار دۆلارە.


ئۆباما لەماوەی هەشت ساڵی سەرۆكایەتیدا نزیكەی 97 ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە، ئەوكاتانەی ئۆباما گەشتی كردووەو خەرجیی هەبووە ترەمپ لە تویتەر ڕەخنەی لێگرتووەو پێیوتوووە سەرقاڵی كاركردن بە بۆ ئەوەندە گەشت دەكەیت، بەڵام ئێستا خۆی بە یەك مانگ هێندەی یەك ساڵی ئۆباما خەرجیی هەیە.

 

ترەمپ لە شاری نیویۆرك بینایەكی گەورەی هەیە بەناوی ترەمپ تاوەر، خەرجیی هەر ڕۆژێكی ئەو بینایە 500 هەزار دۆلارەو لەپارەی گشتیی دەدرێت.

 

ئەو بینایەی ترەمپ لەكاتی دەنگدانەوە تا ئەوكاتەی ترەمپ بووە بە سەرۆك 35 ملیۆن دۆلار خەرجیی هەبووە لەسەر شارەوانی نیویۆرك، لەو پارەیە تەنها 7 ملیۆن دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ شارەوانی، سەرۆكی شارەوانی ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوو داوای لە ترەمپ كردووە كە ئەوان ناتوانن ئەو پارەیە بدەن‌و پێویستە ترەمپ دابینی بكات، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە.