سێ ئاماژەی نهێنی شاژنی بەریتانیا بۆ ستافەكەی

03-03-2017 08:46
شاژنە ئیلیزابێس-ی دووەم

 

پەرەگراف

 

بەكارهێنانی ئاماژەی نهێنی لەناو خانەوادەی شاهانەی بەریتانیادا مێژوویەكی كۆنی هەیە، لێكدانەوەو تێگەیشتن لەو ئاماژانە بۆ كەسانی ئاسایی كەمێك زەحمەتە، هۆكارەكەش بریتییە لەوەی كە تەنها چەند جوڵەو كارێكی سادەن‌و بەگشتی هەمووان بێ هۆكاری تایبەت‌و لەكاتی ئاساییدا ئەنجامیان دەدەن، بەڵام بۆ ئەوان مانایەكی تایبەتی هەیە.


شارەزایەكی مێژووی خانەوادە شاهانەییەكە سێ ئاماژەی شاژنی بەریتانیای ئاشكراكردووە، هوگۆ ڤایكەر، نوسەرو شارەزای مێژووی خانەوادەی شاهانەی بەریتانیا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی خەڵك-ی بەریتانیا، ئەو ئاماژانەی ئاشكراكرد، كە بێجگە لە ستافی شاژن چەند كەسێكی زۆر كەم لێی ئاگادارن.

 

بەوتەی ئەو شارەزایە، كاتێك شاژنە ئیلیزابێس-ی دووەم بیەوێت كۆتایی بە گفتوگۆیەك یاخود مەراسیمێكی كۆمەڵایەتی بهێنێت، جانتاكەی دەستی ئاڵوگۆڕ پێدەكات (لەدەستی ڕاستەوە دەیخاتە دەستی چەپ یاخود بە پێچەوانەوە)، بەمەش ستافەكەی ئاگادار دەكاتەوە لەوەی كە ئامادەی ڕۆشتن‌و بەجێهێشتی ئەو شوێنەیە.

 

ئاڵوگۆڕی جانتاكەی دەستی شاژن مانای تایبەتی هەیە.

 

ئەگەر لە حاڵەتێكدا شاژن لە گفتوگۆكە زۆر بێزاربێت‌و بیەوێت ڕاستەوخۆ ستافەكەی بچن بۆ لای‌و كۆتایی بە گفتوگۆكەی بهێنن، ئەوا بۆ ئەو مەبەستە سوود لە ئەڵقەكەی دەستی وەردەگرێت‌و لە پەنجەیدا دەیسوڕێنێت، بەوتەی هوگۆ ڤایكەر، دانانی جانتاكەی لەسەر زەویش هەمان مانای هەیە.

 

ئەو كاتانەشی كە شاژن لە كۆشكی شاهانەی بەریتانی(بەكینگهام پاڵاس) دانیشتن‌و كۆبوونەوە فەرمییەكانی ئەنجام دەدات، ئەگەر بیەوێت كۆتایی بە كۆبوونەوەكەی بهێنێت، ئەوا لە ڕێگەی زەنگێكی تایبەتەوە ستافەكەی لەدەرەوەی ژوورەكە ئاگادار دەكاتەوە، تاوەكو دەرگاكە بكەنەوەو بۆ دەرەوە هاوەڵیی میوانەكەی بكەن.