بەڤیدیۆ؛ ئاگاداربە! دەكرێت لەماوەی چەند چركەیەكدا كۆدی مۆبایلەكەت ئاشكرابكرێت

14-03-2017 03:47

 

پەرەگراف

 

دوای ئەوەی كۆدی كردنەوەی مۆبایلەكەت لێدەدەیت، هەرگیز مۆبایلە زیرەكەكەت جێ مەهێڵە، چونكە كەسانی نەناسراو دەتوانن لە ڕێگەی بەكارهێنانی كامێرای گەرمی-یەوە بەماوەی چەند چركەیەك ژمارەی نهێنی یاخود ڕیزبەندی نهێنیی مۆبایلەكەت ئاشكرا بكەن.


پەنجەكانت بەشێوەیەكی ئاسایی پاشماوەی گەرمی لەسەر شاشەی مۆبایلەكەت جێدەهێڵن، ئەگەر كەسێك دوای لێدانی ژمارە یاخود ڕیزبەندی نهێنی مۆبایلەكەت لەڕێگەی كامێرایەكی گەرمییەوە وێنەی سەر شاشەی مۆبایلەكەت بگرێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی كۆدەكەی دەست دەكەوێت.

 

بەهۆی ئەوەی كە بە تێپەڕینی كات ئاسەواری گەرمیی پەنجەكانت لەسەر شاشەكە كەمتر دەبنەوە، كەسانی نەناسراو دەتوانن بە شێوەیەكی ورد تەنانەت ڕیزبەندی ژمارەكانیشیان دەستبكەوێت. بۆ نموونە، ئەو شوێن پەنجانەی كە زۆرترین گەرمییان لەسەرە، مانای ئەوەیە كە لە كۆتایی كۆدەكەدا بەكارهاتوون. ئەوانەشی كە ئاسەواری گەرمییەكەیان كەمتر پێوە دیارە زووتر لێدراون.


لە توێژینەوەیەكی تایبەتدا، شارەزایانی زانكۆی شتوتگارد-ی ئەڵمانیا هۆشداریی بەكارهێنانی ئەم جۆرە تەكنیكە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە دەدەن‌و پێشنیاری گرتنەبەری سێ ڕێگاچارەیان بۆ بەرگرتن لە ئاشكرابوونی كۆدی نهێنی خاوەن مۆبایلە زیرەكەكان كردووە.


یەكەم: دەكرێت بەكارهێنەرانی مۆبایلە زیرەكەكان بۆ ماوەیەكی كەم ڕووناكیی شاشەكانیان بگەیەننە بەرزترین ئاست، بەمەش گەرمیی شاشەكانیان ئاسەواری پەنجەیان دەشارێتەوە.

 

دووەم: پاش كردنەوەی كۆدی مۆبایلەكانتان بەشێوەیەكی هەڕەمەكی پەنجەكانتان بخەنە سەر شاشەكە، ئەمەش كۆمەڵێك ئاسەواری زۆری گەرمی لەسەر شاشەكە جێدەهێڵێت‌و ناسینەوەی كۆدی كردنەوەی مۆبایلەكە زۆر زەحمەت دەبێت.

 

سێیەم: یەكێك لەو بەرنامانەی مۆبایلەكانیان بكەنەوە كە بڕێكی بەرچاو شەحنیان پێویستە، وەك فەیسبووك، ئینستاگرام‌و سناپچات. كە دەبنە هۆی گەرمبوونی بەشی ناوەوەی مۆبایلەكەو ئاسەواری پەنجەكانیان دەشارێتەوە.