تەواوی شارۆچكەیەكی ئەمەریكا بۆ فرۆشتن

15-03-2017 01:36

 

پەرەگراف

 

ئەگەر یەكێكیت لەو كەسانەی لە ئێستادا حەز بە كڕین‌و فرۆشتنی خانو و زەوی دەكەیت‌و بەشوێن ڕووبەرێكی فراواندا دەگەڕێیت، ئەوا كڕینی ئەم شارۆچكەیەی ئەمەریكا لە بەرچاو بگرە.

 

خاوەنی كۆمپانیای (لاند ئاند وایڵد لایف)ی ئەمەریكی تایبەت بە كڕین‌و فرۆشتنی خانو و زەوی ڕایگەیاند، كە لە هەوڵی دۆزینەوەی كڕیاردان بۆ فرۆشتنی تەواوی شارۆچكەی تایلەر-ی سەر بە ویلایەتی ئۆریگۆن-ی وڵاتەكە بە بڕی 3 ملیۆن‌و 500 هەزار دۆلار.

 

گارێت زوولەر، خاوەنی كۆمپانیای ناوبراو لە لێدوانێكیدا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، كە مامەڵە پێشنیازكراوەكەیان، شەش خانو و شوقەیەك، چەند ناوچەیەكی پیشەسازی‌و بازرگانی، باڵەخانەیەك كە پێشتر بازاڕێكی گشتی‌و بەنزینخانەی تێدابووە لە خۆدەگرێت.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، كڕیاران دەتوانن تەنها بە بڕی 350 هەزار دۆلار ببنە خاوەنی خوێندنگە كۆنەكەی شارۆچكەكەش. ڕوبەری شارۆچكەكە (100 هێكتار) یەك ملیۆن مەتر دووجا-یە، كە دەكاتە نزیكەی 400 دۆنم.

 

شارۆچكەكە لەسەر نەخشە.

 

نزیكەی 250 كەس لەناوچەكانی دەوروبەریدا دەژین، بەڵام لەناو خودی تایلەردا، جگە لەو خێزانەی كە لە ئێستادا شارۆچكەكە دەفرۆشن، دوو كەسی دیكە دەژین، كە ئەوانیش مامۆستای قوتابخانەكەو بەرپرسی كەنیسەكەن.

 

چۆڵكردنی شارۆچكەكە لەدوای ئەوەوە دەستیپێكرد كە بەرەبەرە داهاتی بازرگانی تەختە لە ناوچەكەدا بەرەو كەمبوونەوە ڕۆیشت‌و ئەو كۆمپانیایەی دانیشتوانی شارۆچكەی تایلەر كاریان تێدا دەكرد داخرا.

 

ئەو خێزانەشی كە لەئێستادا شارۆچكەكە دەفرۆشن، پارچە پارچە زەوی‌و باڵەخانەكانیان لە خاوەنەكانیان كڕیوەتەوە.