بەڤیدیۆ؛ فڕۆكەخانەی بازنەیی یەكێك دەبێت لە گۆڕانكارییەكانی سەدەی 21

20-03-2017 12:39

 

پەرگراف

 

یەكێك لەو پڕۆژە ناوازانەی كە چاوەڕواندەكرێت كاریگەرییەكی زۆر لە بواری فڕۆكەوانی‌و شێوازی فڕۆكەخانەكانی ساڵانی داهاتوودا دروست بكات بریتییە لە فڕۆكەخانەی بازنەیی.

 

هانك هێسلینك، یەكێك لە لێكۆڵەرانی سەنتەری ئاسمانیی هۆڵەندا ماوەی چەند ساڵێكە سەرپەرشتیی بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی ڕێڕەوی فڕۆكەخانەی بازنەیی دەكات. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی بی بی سی بەریتانی ئاماژەی بەوەكرد، دوبارە دروستكردنەوەو دیزاینكردنی فڕۆكەخانەكان لەسەر شێوەی بازنەیی توانایەكی زیاتریان پێ دەدات.

 

هاوكات دەبێتە هۆی بەكارهێنانی بڕێكی كەمتر لە سوتەمەنی، چونكە فڕۆكەكان لە هەر ئاڕاستەیەكەوە بەرەو فڕۆكەخانەكە بچن، توانای نیشتنەوەیان دەبێت‌و ناچار نابن ئاڕاستەیان بۆ ڕێڕەوی فڕۆكەخانەكە بگۆڕن، ئەمە بۆ جێهێشتنی فڕۆكەخانەكەش بە هەمان شێوەیە.

 

بەوتەی ناوبراو، ئەم دیزاینە نوێیە تەنانەت كاریگەریی لەسەر ژاوەژاو و دەنگی فڕۆكەخانەكەش دەبێت. بەوەی كە باڵەخانەكانی دەوروبەری فڕۆكەخانەكە بە شێوەیەكی یەكسان دەنگ‌و ژاوەژاویان پێدەگات.

 

هێسلینك لە چاوپێكەوتنەكەدا ئاماژەبەوەدەكات، كە لارییەكی تایبەت لە ڕێڕەوی فڕۆكەخانە بازنەییەكەدا بوونی هەیە، كە دەبێتە هۆی خاوكردنەوەی فڕۆكەكەو ئاڕاستەكردنی بەرەو ناوەوەی بازنەكە. "ئەم لارییە وادەكات سەرنشینان هەست بە سوڕانەوەی فڕۆكەكە بكەن، هاوشێوەی سوڕانەوە لە ئاسماندا".

 

تیرەی ڕێڕەوی فڕۆكەخانە بازەنییەكە 3.5 كیلۆمەترەو سێ فڕۆكە لە یەك كاتدا دەتوانن بنیشنەوە یان فڕۆكەخانەكە جێبهێڵن.

 

درێژیی ڕێڕەوەكە سێ هێندەی ڕێڕەوێكی ئاساییە، بەڵام شارەزایان باسلەوەدەكەن كە توانای چوار ڕێڕەوی هەیە.

 

هاوكات كۆمسیۆنی ئەوروپی پشتیوانیی دارایی پڕۆژەكەی كردووە.

 

جیاواز لە تاقیكردنەوە سەربازییەكانی ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو، تائێستا ڕێڕەوێكی بازنەیی بازرگانی دروستنەكراوە.