تویتەر زیاتر لە 600 هەزار ئەكاونتی سڕیوەتەوە

23-03-2017 04:39

پەرەگراف

 

تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر لەدواین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند، تائێستا زیاتر لە 600 هەزار ئەژماری بەكارهێنەرانیان سڕیوەتەوە كە بەشێوەیەكی گشتی بانگەشەیان بۆ گروپ‌و لایەنە توندڕەوەكان كردووە.

 

لە ڕاپۆرتەكەی تویتەردا هاتووە، تەنها لەنێوان مانگی تەموز و كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا 376 هەزار و 890 ئەژماری تۆڕەكە بەهۆی پیاهەڵدان و لایەنگریكردنی گرووپە تونڕەوەكان سڕاونەتەوە.

 

بەوەش ژمارەی ئەو ئەكاونتانەی كە لە 1ی ئابی 2015وە بە هەمان هۆكار سڕاونەتەوە دەگاتە 636 هەزار و 248 ئەكاونت.

 

%47ی ئەژمارەكان بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیك سڕاونەتەوە، كە بۆ ئەو مەبەستە تویتەر سوود لە تەكنەلۆژیایەكی تایبەت وەردەگرێت.

 

تەنها 2%ی ئەژمارە سڕاوەكان لەسەر داوای حكومەتەكان سڕدراونەتەوە.

 

ڕاپۆرتەكەی تویتەر، لەدوای ئەو هێرشە توندەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا دێت كە هەر یەك لە كۆمپانیای گوگڵ، فەیسبوك‌و تویتەریان تۆمەتباركرد بەوەی كە لە ڕوبەڕوبوونەوەی بیری توندڕەوی و تیرۆرستاندا شكستیان هێناوە.

 

كۆمپانیای گوگڵ ڕوبەڕوی فشارێكی گەورەی براندە زەبەلاحەكانی وەك BMW و لقی مەكدۆناڵدی بەریتانیا بوویەوە بەوەی كە ڕیكلامەكانیان لە ماڵپەڕی یوتیوبی سەر بە كۆمپانیای گوگڵ لەبەر هەمان هۆكار، هەڵپەسارد.