بەڤیدیۆ؛ ژیانی لەسەر گرتنی وێنەیەك دانا

12-04-2017 01:02

 

پەرەگراف

 

گەشتیارێك نیازی وابوو كە لە ڕێگەی وێنەیەكی یادگارییەوە بوێریی‌و ئازایەتیی خۆی پیشانی كەسوكارو دۆستانی بدات، بەڵام نەك تەنها نەیتوانی وێنەكە بگرێت بەڵكو ژیانی خۆشی لەسەر دانا.

 

لەشاری جۆدپوری باكوری ڕۆژئاوای هیندستان، ژمارەیەكی زۆر ڕاهێنەرو بەخێوكەری "ماری ژەهراوی" هەن، كە خاوەن ناوبانگێكی زۆرن. ئەمەش وایكردووە گەشتیارو سەردانكەرانی شارەكە گرنگییەكی باش بەو ڕاهێنەرانە بدەن، تەنانەت زۆرێكیان داوادەكەن كە ڕێگەیان پێبدرێت وێنە لەگەڵ مارەكاندا بگرن.

 

گرتنی وێنە لەگەڵ مارە ژەهراوییەكاندا سەركێشییەكی گەورەیە، بەتایبەت ئەگەر ڕاهێنەرەكەی گرنگییەكی ئەوتۆ بە سەلامەتیی سەردانكەرانی نەدات‌و لەكاتی پێوەدانی ماردا باوەڕی بە جێبەجێكردن‌و گرتنەبەری هەنگاوە تەندروستییەكان نەبێت.

 

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا، سەردانكەری یەكێك لە ڕاهێنەرانی مارە ژەهراوییەكانی شاری جۆدپور دەردەكەوێت، كە بۆ گرتنی وێنەیەكی یادگاری وەستاوەو چاوەڕواندەكات ڕاهێنەری مارەكە، مارێكی ژەهراوی بخاتە سەرشانی‌و وێنەی بگرێت، بەڵام لەپڕ مارەكە پێوەیدەدات.

 

پیاوەكە دەستبەجێ هەستی بەپێوەدانی مارەكە نەكردو بەردەوام بوو لە تەماشاكردنی كامێراكە، هەر چاوەڕوانی وێنەكەی دەكرد، بەڵام پاش تێپەڕینی ماوەیەك بەهۆی سڕبوون‌و هەستكردن بە قورسبوونی سەری، داوای لە دەورووبەرەكەی كرد دڵنیای بكەنەوە لەوەی ئایا مارەكە گەستوویەتی یاخود نا.

 

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لەزاری شایەتحاڵانی ڕووداوەكەوە بڵاویكردووەتەوە كە دواتر ئەو پیاوە هۆشی لەدەستداوەو دەورووبەرەكەی لەجیاتی ئەوەی ڕاستەوخۆ بیگەیەننە نەخۆشخانە، بردوویانەتە لای فاڵچی-یەك.

 

لە ئەنجامداو پاش تێپەڕینی كاتژمێرێك پیاوەكە بەهۆی ژەهراوی بوونەوە گیانی لەدەستدا.