چۆن دەبیتە قسەکەرێکی باش؟

16-01-2017 03:13

 پەرەگراف

لەرۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو قسانەی مرۆڤ دەیانکات لەشوێنە جیاوازەکاندا دەبنە ناسنامەی ئەو کەسەو زۆرجار گەر کەسێک نەتوانێت بەباشی گوزارشت لەبیروڕاکانی بکات ئەوە زۆر هەلی لەژیاندا لەدەست دەچێت. ئەم پێنج خاڵە ڕەنگە بنچینەیەکی باش بن بۆ هەر کەسێک بیەوێت ببێتە قسەکەرێکی باش لەژینگە جیاوازەکاندا.

 

  • ئامانجەکەت لەقسەکاندا دیاریی بکە

هیچ سوودی نییە گەر شتێکی زۆر گرنگ لەپشت قسەکانتەوە بێت، بەڵام لەکاتی قسەکانتدا بەڕوونی ئاماژەیان پێ نەکەیت. گەر تەنها لەپێناو قسەکردندا قسە دەکەیت، ئەوە بێدەنگی باشترە چونکە هیچ گرنگی نابێت‌و ئامانج ناپێکێت، بۆیە پێش هەر قسەکردنێک ئامانجێکی ڕوون دیاریی بکەو بەوشەو ڕستەی گونجاو گوزارشتی لێ بکە.

 

  • بزانە گوێگرەکانت کێن

پێویستە لەسەرت بەوردی بزانیت قسە بۆ کێ دەکەیت‌و کێ گوێت لێ دەگرێت. کاتێکی زۆر بەوە مەکوژە قسە بۆ کەسێک یان چەند کەسێک بکەیت کە دەزانیت گوێت بۆ ناگرن یاخود گرنگی بەقسەکانت نادەن. هەروەها ئاگاداری ئەوە بکە بەپێی ئاستی ئەو کەسانەی گوێت بۆ دەگرن وشەکانت هەڵبژێرە، لەڕووی دەروونییەوە گەر وا هەستت کرد قسەکانت شوێنی خۆیان دەگرن‌و کاریگەرییان هەیە، ئەوا هەستی متمانە بەخۆبوون‌و ئاسوودەییت تێدا دروست دەبێت.

 

  • شەرمن مەبەو قسەکانت با وردبن

رەنگە زۆر کەس هەبن کە لەناخیاندا بیرۆکەو بۆچونی مەزن هەبن، کە دەتوانن لەڕێگەیانەوە کاری گرنگ بکەن، بەڵام بەهۆی شەرمکردنەوە ناتوانن ئەو بۆچونانەیان دەرببڕن. بۆ بوون بەقسەکەرێکی باش دەبێت دەبێت سەرەتا شەرم لەو کەسانە نەکەیت کە قسەیان بۆ دەکەیت‌و شەرم لەو بیرو بۆچونانەش نەکەیت کە دەریان دەبڕیت. جگە لەشەرمکردن، هاوکات لەکاتی قسەکردندا دەبێت خۆت بەدووربگریت لەقسەی گشتی، بەڵکو تا دەکرێت با قسەکانت وردبن‌و لەدەوری ئەو بابەتەدا بسوڕێنەوە کە هەڵتبژاردون بۆ قسەکردن.


  • بەدووربە لە بەکەسیی کردنی قسەکانت

هەرکاتێک ویستت لەسەر شتێک بدوێت، ئەوا هەمیشە لەبیرت بێت کە قسەکانت "بابەتی"بن نەک "کەسی". ئەم خاڵە لەئێستادا زۆر بەڕوونی دەبینرێت‌و کاتێک کەسێک قسە دەکات، هێندەی هەوڵ دەدات ئەوە بسەلمێنێت کە کەسی بەرامبەری هەڵەیە، هێندە پاڵپشتی بیروڕاکانی خۆی ناکات. قسەکەری باش کەسێکە کە خاڵێکی دیارییکراوی بابەتی دیاریی دەکات‌و لەکاتی قسەکرنیدا هەوڵ دەدات بەبەڵگەی بەهێزو لۆژیکی بەرگریی لەو خاڵە بکات.

 

  • کورتبڕی

زۆرن ئەو کەسانەی بەشێوەی باش قسە دەکەن‌و بیرۆکەی باشیان پێیە، بەڵام بەهۆی درێژی قسەو وتارەکانیان کەمتر حەز بەگوێگرتنیان دەکەین‌و بەو هۆیەشەوە کاریگەییان کەمتر دەبێت. بۆیە هەموو قسەکەرێکی باش تایبەتمەندی کورتبڕی تێیدایەو تەنها هێندە قسە دەکات کە بابەتەکە هەڵی دەگرێت‌و باسی دیکە تێکەڵ بەباسە سەرەکییەکەی ناکات.