بەوێنە؛ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنانی باڵەخانە ڕووخاوەكەی تاران بەردەوامە

20-01-2017 07:55
تیمەكان بەردەوامن لەگەڕان بەدوای بێسەروشوێناندا

 

پەرەگراف

 

تیمە تایبەتەكان لە تاران بەردەوامن لە گەڕان بۆ دەرهێنانی تەرمی ئەو كەسانەی لەژێر پاشماوەی باڵەخانەی پلاسكۆدان‌و تائێستا تەنها تەرمی یەك كەس دۆزراوەتەوە.

 

پلاسكۆ، تاچەند ڕۆژێك بەرلەئێستا بە یەكێك لە ناوەندە گەورە بازرگانییەكانی تارانی پایتەختی ئێران هەژمار دەكرا، بەڵام بەهۆی ئاگركەوتنەوەیەكەوە دوێنێ بەتەواوی داڕماو دەیان كەس هێشتا لەژێر پاشماوەی بیناكەدان.

 

 

پلاسكۆ، 54 ساڵ بەر لەئێستا لەلایەن ئەندازیارانی ئیسرائیلی بۆ بازرگانێكی جولەكەی بەڕەچەڵەك ئێرانی بە ناوی حەبیبوڵڵا ئێلقانیان دروستكرا، كە دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئێران باڵەخانەكەی دەستی بەسەردا گیراو خۆشی گولەباران كرا.

 

هەتا 3 ساڵ لەدوای دروستبوونی، پلاسكۆ وەكو گەورەترین بینای ئێران ناوی دەهات، ئەو بینایە 17 نهۆم بووەو 5 هەزارو 900 نوسینگەی بازرگانیی تێدابووەو 422 مەتر بەرزبووە.

 

ناو باڵەخانەكە بەرلە گڕگرتن‌و داڕمانی

 

باڵەخانەكە دوێنێ ئاگری گرت‌و دوای 3 كاتژمێر لە ئاگركەوتنەوە بیناكە بەتەواوەتی داڕووخا، لەوڕوداوەدا بەپێی ئامارە فەرمییەكان هەتا ئێستا توانراوە تەنها تەرمی یەك كەس بدۆزرێتەوەو دەیان كەسیش لەژێر دیوارە ڕووخاوەكانی ئەو بینایەدا بێ سەر و شوێنن.

 

 

پەرویزی سەروەری ئەندامی شوورای شاری تاران، ئەگەری زیندوو مانەوەی ئەو كەسانەی بە دوور زانیوە.

 



خاوەن بیناكە كێیەو چی بەسەر هاتووە؟

 

حەبیبووڵڵا ئێلقانیان خاوەنی باڵەخانەی پلاسكۆ، سەرۆكی ئەنجومەنی كلیمیانی تاران(كەمینەیەكی ئاینییە)‌و كەسێكی جوولەكە بوو، رێكەوتی 16-2-1979 كە دەكاتە 5 ڕۆژ دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلای ئێران، بە فەرمانی بەرپرسانی حكومەیی دەستبەسەركراو باڵەخانەی پلاسكۆش لەلایەن ناوەندی هەژارانی ئێران كە لەلایەن خومەینییەوە دامەزرابوو دەستی بەسەردا گیرا.

 

 

ئەو بازرگانە جوولەكەیە كە خاوەنی گەورەترین كۆمپانیای پلاستیك بووە لەئێران هەربەناوی پلاسكۆ، لە 9-3ی هەمان ساڵدا لەدادگاییەكی 20 خولەكیدا كە لەلایەن سادق خەڵخاڵییەوە بەڕێوەچووە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ وڵاتی ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوەو بەرەبەیانی ڕۆژی 10-3 لە گرتووخانەی قەسری تاران گوللەباران كرا.

 

حەبیبووڵڵا ئێلقانیان