کونە ڕەشەکانی گەردوون چین؟ چۆن درووستبوون؟

23-01-2017 06:23

 

پەرەگراف

 

کونی ڕەش ئەو تەنەیە کە هێزی ڕاکێشانێکی هێندە زۆری هەیە کە تەنانەت ڕووناکیش ناتوانێت لێی دەرباز بێت. لە ئەنجامی چونەوەیەکێکی کۆنتڕۆڵ نەکراوی تەنێکی ئیجگار گەورەوە پەیدا دەبن، بەهۆی هێزی ڕاکێشانی تەنەکە خۆی کە بەرەو ناوەوە دەیبات. ئێستا پێویستە باس لەوە بکەین کە چۆن کونە ڕەشەکان لە ئەستێرە بچووکەکان پێک دێن دوای تەقینەوەی سوپەرنۆڤای ئەستێرە گەورەکان. کاتێک تەقیەنەوەی سوپەرنۆڤا لە ئەستێرەیەکی ئێجگار گەورەدا ڕوو دەدات، ماددە گازییەکەی بەرگی دەرەوەی ئەستێرەکە بە بۆشاییدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام ناوکی ئەستێرەکە دەربازی دەبێت لە تەقینەوەکە.

 

 ئەم ناوکە قورسە بەردەوام دەبێت لە چونەوە یەک و دەبێتە ئەستێرەیەکی نیوترۆنی (کە زۆر بچوکە و چڕیەکی ئێجگار زۆری هەیە.) چارەنووسی ئەم ناوکە بەندە لەسەر بارستاییەکەی. ئەگەر ئەستێرە نیوترۆنیەکە زۆر قورس بێت، ئەوا بەردەوام دەبێت لە چونەوەیەکێکی بێ کۆتا، بەهۆی هێزی ڕاکێشانە ئێجگار زۆرەکەیەوە. و ئەو بڕە ماددە زۆرەی کە لە ئەستێرە نیوترۆنیەکەدا هەیە لە دوایدا لە خاڵێکدا کۆذەبێتەوە. بە تەنێک کە چڕییەکی بێ کۆتای هەبێت دەوترێت کونی ڕەش. بەم شێوەیە، کونە ڕەشەکان پێک دێن لە چونەوەیەکی بێ کۆتای ئەستێرە نیوترۆنیەکان لەژێر کاریگەری هێزی ڕاکێشانی خۆیاندا.

 

ئەستێرە نیوترۆنیەکان هێندە دەچنەوە یەک و هێندە چڕ دەبنەوە، کونە ڕەشەکەی لە ئەنجامدا دروست دەبێت ڕێگە بە تێپەڕبوونی هیچ شتێک نادات بە ڕووەکەیدا، تەنانەت ڕووناکیش. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کونە ڕەشەکان هێزێکی ڕاکێشانی ئێجگار زۆریان هەیە. لەبەر ئەوەی کە ڕووناکی پێیاندا تێ ناپەڕێت، کونە ڕەشەکان نەبینراون، ناتوانرێت ببینرێن. هەبوونی کونی ڕەش دەتوانرێت هەستی پێ بکرێت لەڕێی کاریگەری بواری هێزی ڕاکێشانەکەی لەسەر تەنەکانی دەور و بەری لە بۆشاییدا.

 

بۆ نمونە، ئەگەر ئەستێرەیەک لە بازنەیەکدا بجووڵێت و هیچ ئەستێرەیەکی تر لە ناوەڕاستی بازنەکەدا نەبوو، ئەوا دەتوانین بڵێین کە لەناوەڕاستدا کونێکی ڕەش هەیە، و ئەو هێزی ڕاکێشانەی کونە ڕەشەکەیە کە وا لەو ئەستێرەیە دەکات لە بازنەیەکدا بڕوات بە دوریدا. بەم شێوەیە، ئەگەر خۆر ببێتە کونێکی ڕەش، ئەوا زەوی بە دەوریدا بەردەوام دەسوڕێتەوە، هەرچەندە ئەو کاتە ئێمە تەنێک "نابینین" لەشوێنی ئێستای خۆر. شوێنێک کە دەکرێت کونێکی ڕەشی لێ بێت گەلە ئەستێرەی سیگنەسە.

 

وەرگێڕانی: زامۆ عەلی