
پەرەگراف
منداڵێكی تەمەن 8 ساڵی خەڵكی بەنگلادش، توشی نەخۆشییەكی دەگمەن بووەو جەستەی وەك بەردی لێدێت.
ئەو منداڵە ناوی مەهەندی-یەو بەهۆی ئەو نەخۆشییە دەگمەنەوە كە توشی بووە، قوتابخانەی تەرك كردووە، هاوكات خەڵكی ئەو گوندەی مەهەندی لێی دەژی لەو نەخۆشییەی ترساونو هاتوچۆی خێزانەكەی ناكەن.
حەسەن ئازاد، باوكی مەهەندی دەڵێت"تەنیا 12 ڕۆژ دوای لە دایكبوونی، مەهەندی توشی ئەو نەخۆشییە بووەو هەتا ئێستا هیچ پزیشكێك نەیتوانیوە جۆری ئەو نەخۆشییەی بدۆزێتەوەو دەڵێن توشی نەخۆشییەكی دەگمەن بووە."
مەهەندی لەگەڵ دایكو باوكی.
خێزانی مەهەندی لەگوندێكی ناوچەی (ناوگان) لە باكووری بەنگلادش دەژین، ئەو بەهۆی ئەو نەخۆشییە دەگمەنەیەوە پێستی دەستو پێی ڕەق دەبێتو وەك بەردی لێدێت، ئەوەش توشی ئازارێكی زۆری كردوەو وای لێكردووە نەتوانێت دەست بۆ هیچ شتێك ببات.
ئەو نەخۆشییە بووەتەهۆی ئەوەی كە مەهەندی لەكۆمەڵگاش دوور بكەوێتەوەو خەڵكی ناوچەكەش خۆیانی لێ بەدوور دەگرن، دایكی مەهەندی لەبەر تانەو توانجی خەڵك ڕێگەنادات تێكەڵی كۆمەڵگا ببێتو مەهەندی سەرباری نەخۆشییەكەی، توشی نەخۆشی دەرونیش بووە.
جەهان ئارا، دایكی مەهەندی دەڵێت"كوڕەكەم بەهۆی ئەو هەڵسو كەوتەی خەڵكەوە بەیانی هەتا ئێوارە دەگریو تەنانەت خەسوشم ئامادەنییە لەبەر ئەونەخۆشییە سەردانی ماڵمان بكات."
مەهەندی چاوەڕێی چارەسەری پزیشكی لەحكومەتی وڵاتەكەی دەكات.
دایكو باوكی مەهەندی داوا لە حكومەتی بەنگلادش دەكەن كە بۆ چارەسەری كوڕەكەیان كە منداڵی سێهەمی خێزانەكەیانە هاوكارییان بكات.
باوكی مەهندی دەڵێت"ئیدی هیچ پارەیەكم بۆ نەماوەتەوە، هەرچی داهاتم هەبوو لە ڕێگای شۆفێرییەوە كۆمكردبوەوە، لە دەواو دەرمانی كوڕەكەمدا خەرجمكردووە، ئیدی نایبەم بۆ لای دوكتۆر."