پەرەگراف
كەسێك كە بانگەشەی ئەوەی دەكرد لەلایەن خوداوە وەحی بۆ هاتووەو بووەتە پێغەمبەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كرا.
ماڵپەڕی خوێندكارانی ئێران(ئیسنا) بڵاویكردەوە، ئەو كەسە تەمەنی 37 ساڵ بووەو لە شارۆچكەی پەردیس كە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی تاران هەڵكەوتووە، بانگەشەی ئەوەی كردووە كە بووەتە پێغەمبەر.
زۆربەی ماڵپەڕە فەرمییەكانی ئێران ئەو هەواڵەیان بڵاوكردوەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو كەسەیان بڵاونەكردووەتەوە كە بانگەشەی پێغەمبەریی كردووەو دەستگیركراوە.
ئیسنا دەڵێت، ئەو كەسە شەونامەی بەناو گەڕەكەكانی پەردیسدا بڵاوكردووەتەوەو داوای لەخەڵك كردووە كە ببنە شوێنكەوتەی ئەو دینە نوێیەی كە خۆی پێغەمبەریەتی.
حەیدەر فەتاحی سەرۆكی دادگای شۆڕشی پەردیس، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی قانون(ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادی ئێران) ڕایگەیاندووە كە هێزەكانی سوپای پاسداران دوای ئەوەی شوێنی ئەو كەسەیان دۆزییەوە ڕۆژی ڕابردوو دەستبەسەریان كردووە.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان كەس لە ئێران بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە پێغەمبەرنو دواتر دەستبەسەر كراون، ئەمەش وایكرد كە دەزگای دەنگو ڕەنگی ئێران زەنجیرەیەكی بەڵگەنامەیی لەژێرناوی "دوكانە كاغەزییەكان" ئامادەو بڵاوبكاتەوە.
لەو بەرنامەیەدا ئەو كەسانەی كە بانگەشەی پێغەمبەرییان كردووە، قسە دەكەنو بەشێك لە بەڕێوەچوونی ڕەوتی دادگایی كرانیان بڵاودەكرێتەوە.