ژنێكی هۆڵەندی لەتەمەنی 99 ساڵیدا بە ئاواتەكەی گەیشت‌و زیندانی كرا

06-03-2017 05:07
ئانی تەمەن 99 ساڵ لەكاتی بردنی بۆ زیندان.

 

پەرەگراف

 

پۆلیسی هۆڵەندا ئاواتی خانمێكی تەمەن 99 ساڵی هێنایە دی، بەوەی كەلەپچەیان كردە دەستی‌و ڕێگەیان پێدا ماوەیەك لە زینداندا بەسەر بەرێت.

 

ئانی، ناوی ئەو ئافرەتە تەمەن 99 ساڵەیە كە داوای لە پۆلیسی وڵاتەكەی كردبوو، یەكێك لە كۆتا ئاواتەكانی بهێننەدی‌و بۆ ماوەیەكی كەم زیندانی بكەن. بەوتەی خۆی ویستویەتی لە تێڕوانینی دەستگیركراوەوە ئەزموونی گرتوخانە تاقی بكاتەوە، بەڵام تاكو ئەم تەمەنە هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە.

 

 

سەرەڕای ئەوەی كە هیچ هۆكارێكی (یاسا شكێنی) بۆ دەستگیركردنی ئانی بوونی نەبوو، پۆلیسی شاری نایمیگن-ی سەر بە هەرێمی گێڵدەرلاند-ی هۆڵەندا بە خۆشحاڵییەوە هاوكاریی ناوبراویان كردو ئاواتی چوونە زیندانەكەیان هێنایە دی.

 

بۆئەوەی سیناریۆكە، كەمێك زیاتر ڕاستیی پێوە دیاربێت، كەلەپچەش كرایە دەستی ئانی تەمەن 99 ساڵ.

 

پۆلیسی شاری نایمیگن، لە ئەكاونتی فەرمیی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك خۆشحاڵی خۆیان بە هاوكاریكردنی ئانی نیشانداو دانیشتوانی ناوچەكەش سوپاسی بە هەند وەرگرتنی داواكارییەكەی ئانی-یان لەلایەن پۆلیسەوە كرد.