خاوەنی ڤیدیۆ بەناوبانگ و کۆمیدییەکەی BBC باس لەوردەکاری رووداوەکە دەکات

14-03-2017 09:28

 

 پەرەگراف

 

ئەو شارەزایەی کاروباری کۆریا کە لەچاوپێکەوتنێکی راستەوخۆی کەناڵی BBC منداڵەکان و ژنەکەی هاتنەبەر کامێرو ڤیدیۆکەی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بڵاوبوویەوە، لەیەکەم چاوپێکەوتنیدا باس لەهۆکاری روودانی ئەوەو کاردانەوەی دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە دەکات.

 

رۆبێرت کێلی شارەزا لەکاروباری کۆریاو رۆژهەڵاتی ئاسیا، دوای ئەوەی رۆژێکی درێژی بەچاوپێکەوتنی رادیۆیی و تەلەفزیۆنیەوە بەسەربرد لەکاتژمێر 7:00ی ئێوارەدا چاوپێکەوتنێکی دیکەی هەبوو بەشێوەی راستەوخۆ لەماڵەکەی خۆیەوە لەگەڵ کەناڵی BBC ی بەریتانی.

 

دوای ئەوەی ئامادەکارییەکانی تەواو کرد، چاوەڕێی پەیوەندی کەناڵەکەبوو لەڕێی سکایپەوە، بەڵام بیری چوو وەک زۆر جاری دیکە دەرگای ژوری شوقەکەی دابخات، ئەو شوقەیەی لەشاری بوسانی کۆریای باشورە.

 

ئەو هەڵە بچوکە رۆبێرت کێلی لەماوەیەکی زۆر کورتدا کردە کەسێکی زۆر بەناوبانگ لەتۆڕی ئینتەرنێتداو بووە خاوەنی یەکێک لەکۆمیدیترین گرتە ڤیدیۆییەکانی ساڵ.

 

کاتێک ئەو شارەزایە لەناو بەرنامەکەدا لەبارەی تۆمەتەکانی سەرۆکی کۆریای باشورەوە قسەی دەکرد، کچە تەمەن چوار ساڵانەکەی دەرگای ژوورەکەی ترازاندو بەدوایدا منداڵە تەمەن هەشت مانگەکەشی بەڕەوڕەوەکەیەوە هاتنە پەخشی راستەوخۆوە.

 


ئەو گرتە ڤیدیۆیەی هەموانی خستە پێکەنین

 

 

لەیەکەم چاوپێکەوتنی تایبەتدا لەدوای ئەو رووداوە لەگەڵ رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکدا، کێلی لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەوە کۆمیدیای هەڵەکردنە."

 

لەو کاتەی چاوپێکەوتنەکەی رۆبێرت کێلی دەستی پێکرد، کیم جۆنگی خێزانی کە لەژوورەکەی دیکە بوو، دەستیکرد بۆ تۆمارکردنی چاوپێکەوتنی هاوسەرەکەی بە مۆبایل لەڕێی شاشەی تەلەفزیۆنەوە.

 

"هەر کە منداڵەکە دەرگاکەی کردەوە، وێنەکەیم لەسەر شاشەکە بینی." کێلی لەبارەی ساتی یەکەمی رووداوەکەوە وادەڵێت.

 

وەک لەگرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، کێلی زەردەخەنە دەکات و بەدەستێکی هەوڵ دەدات کچەکەی دووربخاتەوەو بەردەوامیشە لەسەر قسەکردن، ئەو پێی وابووە کە BBC ئەو دیمەنە دەبڕێت، یاخود گۆشەی کامێرا دەگۆڕێت، بەڵام ئەوانە هیچیان نەکران.

 

دوای هاتنەژوونەوەی دوو منداڵەکە، دایکیان لەهەوڵێکی پاڵەوانانەدا بەخێرایی هاتە ژوورەکەو هەردوو منداڵەکەی هێنایە دەرەوەو دەرگاکەی داخست، بەڵام ئەو کارەی دایکەکە زیاتر دیمەنەکەی کۆمیدی کرد.

 

ئەو ڤیدیۆیە لەسەر پەیجی تایبەتی کەناڵی BBC لەفەیسبووک، زیاتر لە 84 ملیۆن جار سەیریکراوە، کەناڵەکانی جیهان لەمسەر تا ئەو سەری باسیان لەو گرتە ڤیدیۆیە کرد و هەزاران هەواڵی لەسەر کرا.

 

رۆبێرت کێلی کە لەهەمان کاتدا مامۆستای زانکۆیە، لەدوای کۆتاییهاتنی بەرنامەکە زۆر نیگەران بووەو ترسی ئەوەی هەبووە چیتر بۆ دەرکەوتن لەسەر تەلەفزیۆن پەیوەندی پێوە نەکرێت. ئەو لۆمەی خۆی کردووە بۆ ئەوەی روویداوەو بەهەڵەی دانەخستنی دەرگاکەی زانیووە.

 

راستەوخۆ دوای بەرنامەکە رۆبێرت کێلی نامەیەکی پۆزشهێنانەوەی بۆ کەناڵی BBC نووسیوە، بەڵام دوای 15 خولەک کەناڵەکە داوایان لێ کردوە گەر ڕەزامەند بێت ئەوا ئەو دیمەنە لەسەر فەیسبووک بڵاودەکەنەوە. ژن و مێردەکە سەرەتا ئەو داوایەیان رەتکردوەتەوە بەهۆی ئەوەی پێیان وابووە خەڵک گاڵتەیان پێ دەکات، بەڵام لەکۆتاییدا بەداواکارییەکە ڕازی بوون.

 

دوای چەند کاتژمێرێک لەبڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، کێلی بۆی دەرکەوتووە ڤیدیۆکە شتێکی ئاسایی نەبووەو دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە. ئەو دەڵێت لەڕێی تویتەرو فەیسبووکەوە چەندین پەیوەندی پێوەکراوە، بۆ رۆژی دواتر ناچاربووە مۆبایلەکەی بکوژێنێتەوە بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی ئیمەیل و تەلەفۆن بۆی هاتوون بەتایبەتی لەرۆژنامەنووسانەوە.

 

ئەو ژن و مێردە زۆرینەی رۆژی دواتریان لەماڵەوە بەسەر بردووەو بیریان لەوە کردوەتەوە چۆن لەگەڵ دۆخەکەدا مامەڵە بکەن. بەلێشاو داواکاریی چاوپێکەوتنیان لەکەناڵە ئەمەریکییەکانەوە بۆ چووە، تەنانەت بەشێک لەرۆژنامەنووسان پەیوەندیان بەدایک و باوکی کێلییەوە کردوەو لەوباریەوە پرسیاریان لێ کردبوون.

 

لەکۆتایی ئەو هەفتەیەدا کێلی و خێزانەیەکی لەزانکۆکەیدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز دەکەن بۆ میدیا کۆرییەکان چونکە ئەوانیش بایەخێکی زۆریان بەڤیدیۆکە دابوو.

 

"هەڵەیەکی بچوکم کردو خێزانەکەمی گۆڕی بۆ ئەستێرەی یوتیوب، ئەوە زۆر مایەی پێکەنینە." کێلی وادەڵێت.