بەوێنە؛ لەنیوەی گەشتەكەیدا سەماعەكەی ئاگری گرت

16-03-2017 12:28
هۆشداریی دەدرێت لە بەكارهێنانی ئەو جۆرە سەماعانەی باتری تایبەت بەخۆیان هەیە.

 

پەرەگراف

 

لە یەكێك لە گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان بەیجینی پایتەختی چین‌و ماڵبورنی ئوسترالیا، سەماعەی یەكێك لە سەرنشینەكان ئاگری گرت‌و تەقییەوە.

 

پاش تێپەڕینی نزیكەی دوو كاتژمێر لە گەشتەكەو ئەو ساتەی هەمووان لە كەشێكی ئارامدا بوون، سەماعەی یەكێك لە سەرنشینانی فڕۆكە ئوسترالییەكە تەقییەوەو ئاگری گرت.

 

 

نوسینگەی سەلامەتیی گواستنەوەی ئوسترالیا، لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا وێنەی ئەو سەرنشینەی بڵاوكردووەتەوە، كە لە وێنەكاندا ئاسەواری ڕەشبوون‌و سوتان بە دەست‌و ڕوخساری خاوەنی سەماعەكەوە دیارە.


"ئەو كاتەی بە سەماعە گوێم لە موزیك دەگرت، خەوم لێكەوت‌و لەپڕ بەدەنگێكی بەرزی تەقینەوە بە ئاگاهاتم. كاتێك سەرنجی دەوروبەرمدا هەستم بە سوتانەوەی ڕوخسارم كرد، هەربۆیە دەستمگرت بە ڕوخسارمەوەو ئەمەش وایكرد كە سەماعەكە زیاتر لە ملم بئاڵێت" سەرنشینی فڕۆكەكە وایوت.

 

 

"سوتانەوەكەی ڕوخسارم كەم نەبووەوەو لەئەنجامدا، سەماعەكەم ڕاكێشاو فڕێمدا."

 

نوسینگەی سەلامەتیی گواستنەوەی ئوسترالیا، جۆرو تایبەتمەندیی سەماعەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام هۆشداریی داوە لە بەكارهێنانی ئەو سەماعانەی كە باتریی تایبەت بە خۆیان لەگەڵدایە.

 

 

 

ساڵی ڕابردوو چەند ڕووداوێكی سوتان‌و توانەوە بەهۆی گەرمبوونی زۆری باتریی مۆبایلە تازەكەی سامسۆنگ، گالاكسی نۆت 7 تۆماركران، كە بەهۆیەوە كۆمپانیاكە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆری بەكارهێنەرانی بوویەوەو لە ئەنجامدا بەفەرمی بەرهەمهێنانی گالاكسی نۆت 7 لەلایەن كۆمپانیای ناوبراوەوە ڕاگیرا.