بەوێنە؛ كۆشكی شاهانەی بەریتانیا وەڵامی نامەی منداڵێكی 6 ساڵ دەداتەوە

19-03-2017 12:18
نامەكەی جۆرج بۆ شاژن.

 

پەرەگراف

 

دوای نوسینی نامەیەك‌و ڕەوانەكردنی بۆ كۆشكی شاهانەی بەریتانیا، منداڵێكی تەمەن 6 ساڵان سەرسام بوو بەوەی كە لەلایەن نوێنەری شاژنەوە وەڵام درایەوە.

 

جۆرج میرینگ-ی تەمەن ٦ ساڵ، دوای ئەوەی سەردانی یەكێك لە قەڵا دێرینەكانی بەریتانیای كردو لە نزیكەوە پاسەوانانی خێزانی شاهانەی وڵاتەكەی بینی، نامەیەكی ئاڕاستەی شاژنە ئیلیزابێس كردو تیایدا حەزی خۆی بۆ بوونە سەربازو كاركردن وەك پاسەوانی شاهانەی بەریتانیا لە داهاتوودا پیشاندا.

 

 

جۆرج لەتەنیشت پاسەوانێكی شاهانە.

 

پاش تێپەڕینی چەند هەفتەیەك، جۆرج نامەیەكی مۆركراوی لەلایەن بەكینگهام پاڵاس(كۆشكی شاهانەی بەریتانیا)وە پێگەیشت، كە تیایدا ئاماژەبەوەكراوە شاژن خۆشحاڵبووە بە بیستنی ئەوەی جۆرج پاسەوانانی شاهانەی بەدڵ بووە.

 

نوسەری نامەكە، بریتییە لە هاوەڵ (نوێنەر)ی شاژن، كە یەكێكە لەو خانمانەی لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی ڕۆژانەیدا هاوكاریی شاژن دەكەن.

 

 وەڵامی نامەكەی كۆشكی شاهانە بۆ جۆرج.

 

لە وەڵامی نامەكەی جۆرج-دا هاتووە"شاژن ئارەزوویكرد كە نامەت بۆ بنوسم‌و سوپاسی نامەكەت بكەم. جەنابی خاوەن پایە خۆشحاڵ بوون بە ئاگاداربوون لەوەی كە چێژت لە گەشتەكەت بۆ قەڵای وینزەر بینیوەو پاسەوانانی شاهانەت بە دڵ بووە".

 

"سەرەڕای ئەوەی كە شاژن لە توانایدا نییە خودی خۆی وەڵامی هەموو ئەو سەدان نامە تایبەتیانە بداتەوە، كە رۆژانە پێیدەگات، جەنابی خاوەن پایە خۆشحاڵ بوون بەوەی كە هەواڵی تۆیان بیست".

 

جۆرج خۆشحاڵە بە وەڵامدانەوەی لەلایەن كۆشكی شاهانەوە.

 

لەكۆتایی نامەكەشدا هاتووە كە شاژن متمانەی هەیە بەوەی جۆرج لە درەنگ كەوتنی نامەكە تێدەگات، هۆكارەكەش گەڕێندراوەتەوە بۆ زۆریی ئەو نامە تایبەتیانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا بە مەبەستی جیاواز ئاڕاستەی كۆشكی شاهانەی بەریتانیا كراون.