ئەندازیارێک بەهۆی ئەوەی ناوی سەدام حسێنە ئیشی دەست ناکەوێت

19-03-2017 09:33

 

پەرەگراف

 

ئەندازیارێکی ئاویی لەوڵاتی هیندستان بەهۆی ئەوەی ناوی سەرۆکی پێشووتری عێراقی هەڵگرتووە، 40 جار داواکاریی بۆ کارکردن رەتکراوەتەوە.

 

هەرچەندە زیاد لە 10 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر لەسێدارەدانی سەرۆکی پێشووتری عێراق سەدام حسێن، بەڵام پێناچێت هێشتا کاریگەرییەکانی لەسەر هاوڵاتیانی وڵاتەکەی خۆی و وڵاتانی دیکە لەناوچووبێت.

 

ئەندازیارێکی ئاویی کە هەمان ناوی ئەو سەرۆکەی پێشووتری عێراقی هەڵگرتووە، لەهیچ شوێنێک کاری دەستناکەوێت بەهۆی ئەو ترسەی لەناوەکەی هەیانە. ئەوەش بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی.

 

بەو هۆیەوە ئەو هاوڵاتییە هیندییە ناچاربووە لە دادگا ناوی خۆی بگۆڕێت بۆ "ساجید" بەڵام هێشتا بەخت یاوەری نەبووەو نەبووەتە خاوەنی کار.

 

ئەو ئەندازیارە ماوەی دوو ساڵە لەزانکۆی تامیل نادوس نورول ئیسلام دەرچووەو بەپلەی بەرز بەشی ئەندازیاری تەواو کردوە، لەئێستاشدا هاوڕێکانی کۆلێژی کاری خۆیان دۆزیوەتەوە بەڵام ئەم هێشتا سەرکەوتوو نەبووە لەو هەنگاوەدا.

 

"خەڵک دەترسن لەوەی دامبمەزرێنێت." سەدام کە ناوە تازەکەی ساجیدە وادەڵێت.

 

ئەو پێی وایە گەر توانی پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری و ناسنامەکانی تری بکات بەناوە تازەکەیەوە ئەوا دەتوانێت بەئاسانی کاری دەست بکەوێت، بەڵام بەهۆی خاوی ئیشوکارەکانی فەرمانگەکانەوە تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو کارانە ڕابپەڕێنێت.

 

سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراق ماوەی زیاتر لە 24 ساڵ سەرۆک کۆماری عێراق بوو، لەساڵی 2006 دوای دادگاییکردنی لەسێدارەدرا.