بەوێنە؛ دوای كەوتنەخوارەوەی لە چیایەك‌و شكانی 5 بڕبڕەی پشتی، یەكەم كاری گرتنی سێڵفی بوو

21-03-2017 02:25

 

پەرەگراف

 

پەڕەشوتەوانێكی تەمەن 35 ساڵ، دوای ئەوەی بەهۆی ڕووداوێكی نەخوازراوەوە كۆنتڕۆڵی لەدەستداو كەوتەخوارەوە، یەكەم كار كە پاش ئاگاداركردنەوەی تیمی فریاكەوتن ئەنجامیدا بریتیبوو لە گرتنی وێنەی سێڵفی.

 

ناڵ مككان، یەكێك لە پەڕەشوتەوانە بە ئەزموونەكانی وەیڵزە –دەكەوێتە باشوری ڕۆژئاوای شانشینی یەكگرتووەوە– یەكەم كارێك كە پاش كەوتنەخوارەوەی لەسەر یەكێك لە چیاكانی زنجیرە چیای بریكۆن بیكۆنزی ئەو وڵاتەو بانگكردنی تیمی فریاكەوتن ئەنجامیدا، گرتنی كۆمەڵێك وێنەی سێڵفی بوو.

 

 

بەهۆی كەوتنەكەیەوە، پێنج بڕبڕەی پشتی ناوبراو شكاو سەری برینداربوو، بە تەواوی توانای جوڵاندنی قاچەكانی بۆ ماوەیەكی كاتیی لەدەستدا.

 

 

بەوتەی مككان، ئەو كاتەی وێنە سێڵفییەكانی گرتووە، بەخۆی وتووە كە ئەو ژیانێكی خۆشی بەسەربردووەو هەوڵی تۆماركردنی دوایین ساتەكانی ژیانی داوە، بەڵام پاش تێپەڕینی چەند خولەكێك لەلایەن هەلیكۆپتەرێكی فریاكەوتنەوە ڕزگاركراو گەیەندرایە نەخۆشخانە.

 

 

پزیشكەكان بە ناوبراو و ڕەیچڵ-ی هاوسەرییان ڕاگەیاند كە ئەگەر هەیە ناوبراو هەرگیز دوبارە توانای بەكارهێنانی قاچەكانی نەمێنێت‌و تا كۆتایی تەمەنی لەسەر كورسی جوڵاو بەسەربەرێت. بەڵام بەشێوەیەكی زۆر سەرسوڕهێنەر و پاش تێپەڕینی 19 رۆژ دەستیكردەوە بە جوڵاندنی قاچەكانی.