پەرەگراف
هێلكە یەكێكە لەو خۆراكانەی ڕێژەیەكی زۆر پڕۆتینو چەندین جۆر ڤیتامینی گرنگی تێدایە، كە بڕێكی باش لە پێویستییەكانی جەستە دابین دەكات. هێلكە بەشێوەیەكی گشتی تایبەتە بە ژەمی بەیانیانو لە ئامادەكردنی چەندین خواردنی ڕۆژانەشدا بەكاردەهێندرێت.
شارەزایی لە هەڵبژاردنو ناسینەوەی خۆراكی تەندروست گرنگییەكی ئێجگار زۆری هەیە، چونكە خواردنی ماوە بەسەرچوو لە زۆربەی حاڵەتەكاندا تووشی ژەهراوی بوونمان دەكات.
بۆ زانینی ئەوەی كە ئایا ئەو هێلكەیەی بە نیازیت لە ژەمی داهاتوودا بەكاری بهێنیت تازەیە یاخود نا، پەرداخ(دەفرێك) پڕ بكە لە ئاو و هێلكەكەی بخەرە ناو. سەرنج بدە:
ئەگەر هێلكەكە بەشێوەیەكی ئاسۆیی لەژێر دەفرەكەدا مایەوە، ئەوا مانای وایە كە ئەو هێلكەیە تازەیەو تەندروستە بۆ خواردن.
ئەگەر بەشێكی هێلكەكە ڕووی لە سەرەوە كرد، ئەوا مانای وایە كە ئەو هێلكەیە نزیكەی هەفتەیەك كۆنە.
ئەگەر بە تەواویو بە شێوەیەكی ئاسۆیی هێلكەكە لەناو دەفرە ئاوەكەدا مایەوە، ئەوا مانای وایە كە ئەو هێلكەیە نزیكەی ٢ بۆ ٣ هەفتە كۆنەو لەكاتی ئامادەكردنیدا پێویستە بۆ ماوەیەكی زیاتر لەسەر ئاگر بهێڵدرێتەوە.
ئەگەر هێلكەكە سەر ئاو كەوت، ئەوا مانای وایە كە ئەو هێلكەیە زیاد لە سێ هەفتە كۆنەو بۆ خوارد تەندروست نییە.