کچە هونەرمەندێک لەتورکیا لەسەر دروستکردنی تابلۆیەک خرایە زیندانەوە

25-03-2017 11:08
هونەرمەندی وێنەکێش زەهرا دۆغان

 

پەرەگراف

 

کچە هونەرمەندێکی وێنەکێش لەتورکیا لەسەر دروستکردنی تابلۆی شارێکی کوردی دوای وێرانکردنی لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیرکراو بەنزیکەی سێ ساڵ زیندانی حوکمدرا.

 

زەهرا دۆغان بەهۆی دروستکردنی تابلۆیەکەوە کە وێرانکارییەکانی سوپای تورکیای لەناوچەی نوسەیبین و پارێزگای ماردینی پیشان دەدا رووبەرووی دادگا کرایەوە.

 

بەپێی رۆژنامەی جمهوریەتی تورکی، دادگای دووەمی باڵای تاوانەکانی ماردین ئەو کچەی بەو هۆیەوە سزا داوە چونک وێنەی ئاڵای تورکیای لەسەر ئەو باڵەخانانە کێشاوە کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە وێران کراون، بەڵام ماڵپەڕی ئارتفۆرم ئاماژە بەوە دەکات سزاکەی دۆغان بەهۆی ئەوەوە بووە کە وێنەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیای کێشاوە.

 

دادگا ئەو کچە هونەرمەندەی بە دوو ساڵ و نۆ مانگ و 22 رۆژ زیندانی کردن حوکمدا.

 

 
ئەو تابلۆیەی بووە هۆی زیندانیکردنی دۆغان

 

"دوو ساڵ و 10 مانگ بەزیندانیکردن حوکمدرام تەنها بەهۆی ئەوەی وێنەی ئاڵای تورکیام لەسەر باڵەخانە وێرانکراوەکان کێشا، بەڵام حکومەتی تورکیا هۆکاری ئەوەیە، من تەنها وێنەیەم کێشا." دۆغان لەتویتێکدا کە دواتر سڕایەوە وای نووسیبوو.

 

سوپای تورکیا لەماوەی رابردوودا ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیریی لەناوچە کوردییەکان دەستپێکردو بەهۆیەوە ناوچەیەکی زۆر وێران بوون و دەیان هاوڵاتی مەدەنیش گیانیان لەدەستداو برینداربوون.