بەڤیدیۆ؛ وەرزشكارێكی ڕوسیی كرێنێكی 312 تەنیی ڕاكێشا

26-03-2017 08:01
ئیڤان ساڤكین لەكاتی ڕاكێشانی كرێنەكە.

 

پەرەگراف

 

یاریزانێكی بەرزكردنەوەی كێشی ڕوسیی توانی ڕیكۆردێكی نوێ تۆماربكات، بەوەی كە سەركەوتووانە كرێن(بەرزكەرەوە)یەكی 312 تەنیی ڕاكێشا(312 هەزار كیلۆگرام.)

 

ئیڤان ساڤكین، تەمەن 32 ساڵ، سەركەوتووانە بە درێژایی پێنج پێ، كرێنەكەی ڕاكێشاو بەمەش بووە خاوەنی ڕیكۆردێكی نوێ بۆ ڕاكێشانی قورسترین ئەو كەرەستانەی كە تائێستا لەلایەن تاكە كەسێكەوە ڕاكێشرابێت.

 

ناوبراو بە بەهێزترین پیاوی ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا ناسراوەو پێشتر فڕۆكەی مەدەنی، كەشتیی قەبارە مامناوەند، شەمەندەفەری كارەبایی، سیستمی موشەكی بەرگری‌و چەندین جۆر تانك‌و زرێپۆشی سەربازیی ڕاكێشاوە.

 

لە ڕاكێشانی كرێنەكەو ئەو ئامێرانەی دیكەدا ناوبراو تەنها سودی لە پەیژەیەكی ئاسۆیی‌و شانەكانی خۆی وەرگرتووە.

 

ئامانجی داهاتووی ناوبراو زۆر گەورەترەو باوەڕكردن بەوەی كە ساڤكین سەركەوتوو دەبێت ئەستەمە، چونكە بە نیازە كەشتییەك ڕابكێشێت كە كێشەكەی دەگاتە 8 هەزار تەن (هەشت ملیۆن كیلۆگرام). ئەمەش هاوتایە لەگەڵ كێشی بورجی ئیفڵ لە پاریس.

 

ڕاكێشانی ئەم كرێنە، دووەم هەوڵی ناوبراو بوو. لە یەكەم هەوڵیدا بەهۆی گیرانی یەكێك لە ویلەكانی كرێنەكەوە سەركەوتوو نەبوو لە جوڵاندنی.