بەوێنە؛ لە سلێمانی كەمپینی نا بۆ تێكدانی سروشت‌و ڕاوكردنی باڵندەی كێوی ڕاگەیەندرا

06-04-2017 03:32


پەرەگراف


فۆتۆكان؛ ڕەهێڵ شەوكەت

 

دۆستانی ژینگەو بەخێوكەرانی باڵندە لە سلێمانی كەمپینێكیان ڕاگەیاند دژی تێكدانی سروشت‌و ڕاوكردنی باڵندەی كێوی، ئەوەش بەهۆی ئەو مەترسییانەی هەستی پێدەكەن.

 

كەمپینەكە لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی دەستیكرد بە كۆكردنەوەی واژۆی هاوڵاتیان بۆ پشتیوانیی لە داواكارییەكانیان كە لە ڕاگەیەندراوێكدا خستیانە ڕوو.

 

"كەسانێكی نا بەرپرس ڕۆژانە بە هەزارەها هێلكە و بێچو و دایكە و باوكەی ئەو باڵندە و ئاژەڵە كێوییانە لەوڵاتەكەمان لەناو دەبەن، بە داخێكی زۆرەوەلە بازاڕ و دوكانەكانی كڕین و فرۆشتنی باڵندە مامەڵەی پێوەدەكرێت و بەرەو و شارەكانی تری عێراق دەڕوات. وا بڕوات ئەم باڵندە كێوییانە بەرەوو نەمان دەچن لە كوردستان." ڕاگەیەندراوی كەمپینەكە وادەڵێت.

 

 

كەمپینەكە داوادەكات، وەك ئەركێكی نیشتیمانی بۆ پاراستنی باڵندەو ئاژەڵی كێوی، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان چیتر ڕێگە نەدەن هیچ باڵندەو ئاژەڵێكی كێوی لە بازاڕەكانی كوردستان بازرگانی پێوە بكرێ، "داواكارین سنوورێك بۆ ئەم قەڵاچۆكردن‌و تاوانە گەورەیە دابنرێت كە بەرامبەر ئەو سامانە سروشتییەی وڵاتەكەمان دەكرێت."

 

 

ئەم داواكارییانەشیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە:

 

1- قەدەغەكردنی ڕاوكردن‌و مامەڵەپێكردنی كڕین‌و فرۆشتنی هەموو جۆرە باڵندەو ئاژەڵە كێوییەكان‌و دانانی سزای تووند بۆ هەر سەرپێچی كارێك.

 

 

2- چاودێریكردنی هەموو باخچە گشتییەكان بۆ ڕاونەكردنی باڵندەی كێوی تیایاندا بە شێوەیەكی زۆر چڕوپڕ.

 

 

3- چاودێریكردنی چڕوپڕی گواستنەوەی باڵندە و ئاژەڵی كێوی لەلایەن خاڵەكانی پشكنین لە هەموو ناوخۆ و سنوورەكان.

 

 

4- دابینكردنی شوێنی تایبەت لە باخچە گشتییەكان وەك: پاركی ئازادی، باخی گشتی، پاركی دایك ، هەواری شار بۆ ئەو باڵندانەی كە دەستی بەسەردا دەگیرێت یان هەر خێرخوازێك باڵندەی كێوی ئازاد دەكات تا لەو شوێنانەدا پارێزراوبن.

 


5- ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە هەموو ئەنجوومەنی شار و شارۆچكەكان‌و گوندەكان بۆ هەر سەرپێچی كردنێك لە ڕاوكردنی باڵندە و ئاژەڵی كێوی.

 


6- دانانی لیژنەی تایبەت بەشێوەیەكی بەردەوام بۆ چاودێریكردنی بازاڕ و دوكانەكان بەگشتی بۆ مامەڵە نەكردنی كڕین‌و فرۆشتنی هەموو جۆرەكانی باڵندە و ئاژەڵی كێوی.

 

 

7- ئاگاداركردنەوەی سەرجەم ڕاگەیاندنەكان بۆ هۆشیاركردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری هاووڵاتیان بەرامبەر بە پاراستن و خزمەتكردنی باڵندە و ئاژەڵی كێوی لە هەموو كوردستان.

 

 

8- پێداچوونەوە بە یاساكانی ڕاوكردن بە شێوازێك كە كار نەكاتە سەر سرووشتی كوردستان.