بەوێنە؛ ڕوویەكی دیكەی كۆریای باكور ببینە

15-04-2017 08:22

 

پەرەگراف

 

كۆریای باكور بە یەكێك لە دابڕاوترین وڵاتانی جیهان ئەژماردەكرێت، كە سیاسەتی "دەرگای داخراو" بە ڕووی كەسانی بیانی و گەلانی دیكەی تێدا پەیڕەودەكرێت. كیم جۆنگ ئون، لە ئێستادا سەرۆكی ئەو وڵاتەیەو بە "دیكتاتۆرە گەنجەكە" ناسراوە.

 

ئادەم بەیداوی، فۆتۆگرافەرو نوسەری بەناوبانگی ئوستراڵی لە دوایین پڕۆژەی مەیدانیی خۆیدا وەك گەشتیار بۆ ماوەی هەفتەیەك سەردانی كۆریای باكوری كردوەو چەندین وێنەی سەرنجڕاكێشی لەگەڵ خۆیدا بردووەتەوە كە دیوێكی دیكەی ئەو وڵاتە دابڕاوە دەخەنەڕوو.

 

لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئادەم بەیداوی دەڵێت"دەمویست لە نزیكەوە شێوازی ژیانی ڕاستەقینەی هاوڵاتیانی كۆریای باكور ببینم و نیشانی جیهانی بدەم. بۆ ڕێكخستنی ئەم گەشتەشم، سێ ساڵ بە بەردەوامی هەوڵمدا".

 

بە وتەی بەیداوی، هیچ گەشتیارێك ناتوانێت لەو وڵاتەدا بە تەنها بێت، بەردەوام هاوەڵێكی سەر بە حكومەتی كۆریای باكوری لەگەڵدایەو چاودێریی تەواوی جوڵەكانی دەكرێت.

 

بەیداوی دەڵێت"فەرمانبەرانی حكومەتی ئەو وڵاتە لەكاتی گەشتەكەدا، بە بەردەوامی داوایان لە گروپە گەشتیارییەكەمان دەكرد كە تەنها وێنەی شوێن‌و ناوچە جوانەكانی وڵاتەكەیان بگرین، بەبیانووی ئەوەی كە وڵاتانی دیكە، وێنە ناشرینەكانیان لە دژ بەكاردەهێنن".

 

"هەموومان بەباشی دەمانزانی كە هەر جوڵەیەكی گوماناوی، دەرئەنجامی زۆر زۆر جدیی لێ دەكەوێتەوە. هاوڵاتیانی كۆریای باكور بە هیچ شێوەیەك دەستیان بەو زانیارییانە ناگات كە پشتیوانیی بوونی بیروبۆچوونی جیاواز دەكەن، لەم ڕووەوە زۆر بێهیوابووم" بەیداوی وا دەڵێت.