بەوێنە؛ توانای ناسینەوەی ڕەنگەكانی نییەو بووەتە دیزاینەرێكی سەركەوتوو

27-04-2017 10:41

 

پەرەگراف

 

خوێندكارێكی قۆناغی ئامادەیی لە ویلایەتی ئۆریگۆن-ی ئەمریكا بزنسێكی بچووكی تایبەت بە دیزاینكردنی "گۆرەوی" دامەزراندووەو تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار فرۆشی هەبووە.

 

برێنان ئەگرانۆف-ی تەمەن 17 ساڵان، خاوەنی بیرۆكەو دامەزرێنەری كۆمپانیایەكی تایبەت بە دیزاینكردنی گۆرەوی-یە، كە لە ماڵەكەی خۆیەوە بەڕێوەی دەبات‌و بەشێوەیەكی سەرەكی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەرهەمەكانی بە كڕیارانی دەناسێنێت.

 

 

ناوبراو بۆ ئەم مەبەستە كۆمپانیایەكی بەناوی هووپ سواگ-ەوە دامەزراندووەو ڕۆژانە لە نێوان 70 بۆ 100 جووت گۆرەوی دەفرۆشێت، كە نرخی هەر جووتێك بە گشتی 14.99 دۆلارە.

 

ئەگرانۆف لە ئێستادا زیاتر لە 500 جووت گۆرەویی جیاوازی بە چەندین قەبارەی جیاواز دیزاینكردووەو لە ماڵپەڕەكەیدا دەیانفرۆشێت.

 

 

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ناوبراو "ڕەنگ كوێرە"و بەباشی توانای جیاكردنەوەی ڕەنگەكانی نییە، بەڵام بەهۆی دیزاینە ناوازەكان‌و بەرزیی كوالێتیی ئەو گۆرەوییانەی دەیانفرۆشێت، كڕیارێكی ئێجگار زۆری بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە.

 

ناوبراو لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژە دەكات بەوەی، كە بیرۆكەی كارەكەی لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا و لە میانەی تەماشاكردنی یارییەكی باسكەدا بۆ هاتووە. ئەمەش دوای ئەوەی رەنگی سپی سادەی گۆرەویی یاریزانەكانی لا پەسەند نەبووە. پاش تاوتوێكردنی بیرۆكەكەی لەگەڵ دایك و باوكیدا، توانیویەتی قایلیان بكات و بڕی 3 هەزار دۆلاریان وەك سەرمایە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەكەی پێداوە.

 

 

سەرەڕای سەركەوتنی بیرۆكەكەی و بوون بە خاوەن كارێكی سەربەخۆ، ئەگرانۆف خوێندكاری قۆناغی ئامادەییەو لە خوێندن بەردەوامە. دایك و باوكی سورن لەسەر ئەوەی كە كوڕەكەیان بەهۆی كارەكەیەوە هاوسەنگی لەدەست نەدات و مافی تەواو بە گشت لایەنە جیاوازەكانی ژیانی بدات.