بەوێنە؛ بینای نوێی كۆمپانیای ئەپڵ ببینە

02-05-2017 12:37

 

پەرەگراف

 

بینا تازەكەی كۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی لەدواین قۆناغەكانی بنیاتناندایەو بڕیارە بەر لە كۆتاییهاتنی وەرزی بەهاری ئەمساڵ بەرپرسان‌و كارمەندانی كۆمپانیاكە دەست بە گواستنەوە بۆ باڵەخانەكە بكەن.

 

ستیڤ جۆبس، دامەزرێنەر و سەرۆكی پێشووی كۆمپانیای ئەپڵ، بەرلەوەی لە ساڵی 2011دا كۆچی دوایی بكات بڕیاری بنیاتنانی بینای نوێی كۆمپانیاكەی دەركرد.

 

بینا تازەكەی ئەپڵ، لەسەر ڕووبەری 708 هەزار و 200 مەتردووجا لەسەر شێوەیەكی بازنەیی دروستكراوەو تاكو ئێستا زیاد لە پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە. بەپێی وتەی بەرپرسێكی پێشووی دروستكردن، زیاد لە ملیارێك دۆلار، تەنها بۆ دیزاینی ناوەوەی بینا تازەكەی ئەپڵ تەرخانكراوە.

 

بڕیارە بیناكەی ئەپڵ ببێتە شوێنی كاركردنی زیاد لە 13 هەزار كارمەند و بەرپرسی ئەو كۆمپانیایە، بەمەش دەبێتە گەورەترین شوێنی كاركردن لە جیهاندا.

 

لە بینا تازەكەی كۆمپانیای ئەپڵدا گرنگییەكی زۆر دراوە بە ڕووبەری سەوزایی و لە ناوەوە و دەرەوەی باڵەخانەكەدا ڕێژەیەكی زۆری سەوزایی بەدی دەكرێت، كە دەگاتە زیاتر لە 320 هەزار مەتر دووجا.

 

چاوەڕواندەكرا، ساڵی 2015 بارەگای سەرەكیی كۆمپانیای ئەپڵ بە تەواوی بگوازرێتەوە بۆ ئەم بینایەی شاری كوپەرتینۆ-ی ویلایەتی كالیفۆڕنیا، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكی ئاشكرانەكراو كاركردن لە دروستكردنیدا بەشێوەیەكی خاو بەڕێوەدەچوو.