بە ڤیدیۆ؛ گەورەترین فڕۆكەی جیهان فڕی

13-05-2017 07:35

 

پەرەگراف

 

گەورەترین فڕۆكەی جیهان كە درێژییەكەی هێندەی یاریگایەكی تۆپی پێیە، بەسەركەوتوویی بەرەو ئاسمان فڕی.

 

فڕۆكەی جۆری ئێرالندەر 10 كە بە گەورەترین فڕۆكەی جیهان دادەنرێت‌و لەشێوەی كەشتی ئاسمانیی دروستكراوە، پێرێ لە فڕۆكەخانەی كاردینگتۆنەوە لە شاری بید فۆرد شایەری بەریتانیا، بەرەو ئاسمان فڕی‌و گەشتێكی بچوكی لەو ناوچەیە ئەنجامدا.

 

كۆمپانیای هایبرید ئێر فیاكڵز كە دروستكەری فڕۆكەكەیە ئاشكرای كردووە كە تێچووی ئەو كارەیان 25 ملیۆن جنیەی ئیستەرلینی بووەو فڕۆكەكەش دەتوانێت تا چوار هەزار پێ بەرزببێتەوە‌و ماوەی 15 میل ببڕێت.

 

یەكەم تاقیكردنەوەی ئەو فڕۆكەیە لەمانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا بوو، بەڵام لەوكاتەدا سەركەوتنی بەدەستنەهێناو دوای چەند خولەكێك لە بەرزبونەوەی، كەوتە خوارەوە، بەڵام هیچ سەرنشینێك زیانی پێنەگەیشت.

 

كۆمپانیای دروستكەری فڕۆكەكە، بۆ دووبارە نەبونەوەی حاڵەتی لەو شێوەیە دوو باڵۆنی گەورەی بۆ زیاد كردووە تا بەئاسانترین شێوە فڕۆكەكە بنیشێتەوە.

 

بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، فڕۆكەی ئێرالندەر 10 توانای هەڵگرتنی 10 تەن كەلوپەلی هەیە، فڕۆكەكەش لەم هاوینەدا 30 گەشت ئەنجام دەدات لەنێوانیشیاندا چەند گەشتێكی گەشتیاری.