
پەرەگراف- لەشكر حەمید*
تێبینی: ڕۆنی زەیت جیاوازە لە زەیتی زەیتون.
زەیتی زەیتون گرنگترینو باشترین جۆری زەیتی نەباتییەو كۆمەڵێك سودی زۆری هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ.
پسپۆرانی خۆراك ڕایان وایە بە بەردەوامی زەیتی زەیتون بەكاربێت، بەڵام بەپێی ڕێنمایی سەلامەتیی خۆراك، چونكە زەیتی زەیتون هۆكارە بۆ بەهێزبونی دڵو ڕێگریكردن لە نەخۆشی شەكرەو جەڵدەی دەماغو نەخۆشی زەهایمەر(لەبیر چونەوە)و بەرگری لەش بۆ ڕێگری لە شێرپەنجە بەهێزدەكاتو كۆلسترۆڵی زیانبەخش دادەبەزێنێتو هۆكارە بۆ پێدانی كۆلسترۆڵی پێویست بە جەستەی مرۆڤ.
ئەوەی گرنگە زەیتی زەیتون بۆ خواردنە ساردەكان بەكاربێت بە تایبەتی زەڵاتەو موقەبیلات یان بۆ ئەوخۆراكانەی پلەی گەرمی بەرزیان پێویست نییە، بەكارهێنانی زەیتی زەیتون بۆ سوركردنەوە زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، چونكە بەرگەی پلەی گەرمی بەرزناگرێت بۆ ماوەیەكی زۆر، نابێت پلەی گەرمی زەیتی زەیتون بۆ سەرو 120 بەرزببێتەوە، چونكە دەبێتەهۆی لەدەستدانی سودەكانی زەیتەكەو تێكچونی پێكهاتەی زەیتەكەو پلەی ترشێتیی، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبونی هایدرۆكسیدو كیتۆنەكانو كحولو دەبێتەهۆی كەمبونی مادەی دژە ئۆكسێنەكانو زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بۆیە نابێت زەیتی زەیتون بۆ سوركردنەوە بەكاربێت.
بەكارهێنانی زەیتی زەیتون بۆ گەرمكردن ئاساییە بەمەرجێك نەگاتە 120 پلە، سوركردنەوەی خواردن ئەگەر كاتی زۆری پێبچێت گەرمییەكەی دەگاتە 200 پلەو نابێت زەیتی زەیتونی بۆ بەكاربهێنرێت، بەڵام بۆ برنج یان شلە بەكارهێنانی ئاساییە.
* لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراكەو سەرۆكی لیژنەكانی پشكنینو بەدواداچوونە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.