بەبێ بەكارهێنانی چاویلكە مەچنە بەر خۆر

01-07-2018 04:14

 

پەرەگراف- دیاری عومەر*

 

پێویستە مرۆڤ بەبێ بەكارهێنانی چاویلكە نەچێتەبەر تیشكی خۆر، بەتایبەت لەم وڵاتانەی ئێمە كە تیشكی خۆر بەهێزە، ئەوەش لە پێناو پاراستنی چاو.

 

ئەوەی تێبینی دەكرێت خەڵكانێكی زۆر چاویلكەی ڕەش یان ڕەنگی دیكە لەچاو دەكەن، بەڵام زۆرینەیان جۆری باش نین‌و عادین، ئەو چاویلكە عادییانە هیچ سوودێكیان بۆچاو نییە، كاتێك بەكاری دەهێنیت وادەزانیت ڕێگایەكی دروستت گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی چاوت، بەڵام لە ڕاستیدا وانییەو وەك ئەوە وایە هیچت لەچاودا نەبێت، لەبەرئەوەی ڕێگریی ناكات لە چونە ناوەوەی تیشكی خۆر بۆناو چاوی مرۆڤ.

 

كاتێك تیشكی خۆر دەچێتە ناو چاو، كاریگەری خراپی هەیە بۆسەر تۆڕی چاو و خانە هەستیارەكانی چاو دەمرێنێ كە هۆكاری توشبوونی مرۆڤە بە نابینین.

 

پێویستە چاویلكە لە هەموو شوێنێك نەكڕدرێت، باشترە لای چاویلكە سازەكان بكڕدرێت‌و جۆری باش لەچاو بكرێت كە ڕێگریی بكات لە تیشكی خۆر بەتایبەت لەكاتی شۆفێری‌و لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا.

 

دیاری عومەر، پسپۆڕی پشكنینی چاوەو ئەم بابەتەی بۆ پەرەگراف نوسیوە.