
پەرەگراف- دیاری عومەر*
بەكارهێنانی مۆبایل، كۆمپیوتەرو ئایپادو هەر ئامێرێكی دیكەی لەو جۆرە، زیان بە چاوی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەتایبەت ئەگەر هۆشیاریی نەبێت دەربارەی چۆنیەتی بەكارهێنانیان.
ئەو ئامێرانە چاوی مرۆڤ كز ناكەن، بەڵام هیلاكی دەكەنو زۆر بەكارهێنانو خراپ بەكارهێنانیان مرۆڤ توشی نەخۆشیی وشكبوونەوەی چاو دەكات، ئەوەش سەرباری زیان گەیاندن بە مێشكو دەمار.
كاتێك مرۆڤ ئەو ئامێرانە بەكاردەهێنێت، چاوتروكاندنی كەمدەبێتەوەو فرمێسك ناچێتە ناو چاوەكانیەوە، ئەوەش دەبێتەهۆی وشكبوونەوەی چاو، بۆچارەسەری ئەو نەخۆشییەش پێویستە كەسی توشبوو سەردانی پزیشك بكات، كاتێك نیشانەكانی نەخۆشییەكەی لێدەركەوت كە بریتین لە؛ هەستكردن بە ماندویەتی، چاو سوربونەوە، سەرئێشەو شانو مل ئێشە.
ڕێگاكانی پاراستنی چاو و كەمكردنەوەی زیانەكانی ئەو ئامێرانە:
1- دیاریكردنی كاتی بەكارهێنانیان كە نابێت لە 30 خولەك زیاتر بێت بەسەریەكەوە.
2- ڕوناكی شاشەی ئامێرەكە كز بێت.
3- لە شوێنی تاریكدا بەكار نەهێنرێنو پێویستە ڕوناكیی ژورەكە(گڵۆپ) لە پشتی ئەو كەسەوەبێت كە ئامێرەكە بەكاردەهێنێتو بەرەو ڕووی نەبێت.
4- ڕێك دانیشتن بەرامبەر ئامێرەكە، تا ئامێرەكە لە چاوی بەكارهێنەرەوە دووربێت باشترە.
یاسای 20-20-20 دەڵێت: دوای 20 خولەك سەیركردنی شاشەی مۆبایل یان كۆمپیوتەرو ئایپاد، پێوستە بۆماوەی 20 چركە چاوت لەسەر ئامێرەكە لاببەیتو بۆ دوورتر بڕوانیت(سەیری شتێكی دیكە بكەیت كە 7 مەتر لێتەوە دووربێت) پاشان بۆماوەی 20 چركەی دیكە چاوەكانت دابخەیت.
دیاری عومەر، پسپۆڕی پشكنینی چاوەو ئەم بابەتەی بۆ پەرەگراف نوسیوە.