
پەرەگراف- لەشكر حەمید*
هەڵگرتنی گۆشت لە ئامێرەكانی ساردكەرەوەو بەفرگردا بۆ كاتێكی دیاریكراو تەندروسە، بە تەواوبونی ئەو كاتەش ئەو گۆشتە بۆ خواردن ناشێتو پێویستە بەكارنەهێنرێت.
پێویستە گۆشتی مریشكو قەل تەنها یەك بۆ دوو ڕۆژ لە ساردكەرەوەدا هەڵبگیرێت، بەڵام لە بەفرگردا دەتوانرێت بۆ ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێك هەڵبگیرێت، هەروەها گۆشتی پەلەوەرەكانی وەك قاز و مراوی نابێت لە 6 مانگ زیاتر لە بەفرگردا دابنرێت.
دەربارەی هەڵگرتنی گۆشتی ئاژەڵ (گۆشتی سور) دەتوانرێت 3 بۆ 5 ڕۆژ لە ساردكەرەوەدا دابنرێت، بەڵام لە بەفرگردا دەتوانرێت 8 بۆ 12 مانگ هەڵبگیرێت، هەڵگرتنی قیمەش لە ساردكەرەوەدا پێویستە لە دوو ڕۆژ زیاتر نەبێت و لە بەفرگریشدا لە 3 مانگ زیاتر نەبێت.
دەربارەی گۆشتی ماسیو خواردنە دەریاییە جۆربەجۆرەكان، پێویستە ماوەی هەڵگرتنیان لە ساردكەرەوەدا لە ڕۆژێك زیاتر نەبێت و لە بەفرگریشدا لە چوار مانگ زیاتر نەبێت.
پێویستە گۆشتی بەستوو دوای تواندنەوە ڕاستەوخۆ بەكاربهێنرێت و جارێكی دیكە لە ئامێرەكانی ساردكەرەوەو بەفرگردا هەڵنەگیرێت.
*لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراكەو سەرۆكی لیژنەكانی پشكنینو بەدواداچوونە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.