گۆرانی و میوزیكی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر زیندوو دەكرێتەوە

04-08-2018 04:46

 

پەرەگراف

 

ماوەی چەندین ساڵە زاناكان دەگەڕێن بەدوای نهێنی شێوازی میوزیك و گۆرانی سەردەمە دێرینەكان، لەئێستادا نزیكبونەتەوە لە زیندوو كردنەوەی گۆرانییەك كە مێژووەكەی بۆ دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

 

زاناكان باس لەوە دەكەن میوزیك و گۆرانی بەشێكی گرنگی ڕۆشنبیری یۆنانییەكان بووە، بەتایبەت لەگەڵ شیعرەكانی هۆمیرۆس‌و ساڤۆ لەنێوان ساڵانی 750 بۆ 350ی پێش زاین، چەندین گۆرانی بەرهەمهێنراون و دابەشكاری میوزیكیان بۆ كراوە و بەشێكیان لەگەڵ سەمادا پێشكەشكراون.

 

نوسراوە ئەدەبییە كۆنەكان بەدرێژی باسیان لە شێوازی میوزیك و گۆرانی كردووە لەگەڵ ئەو ئامێرانەی بەكاریانهێناوە، بەڵام هەست و دەنگی هونەری یۆنانی لەو سەردەمەدا بەشاراوەیی ماوەتەوە، چونكە تێگەیشتن لەو نوسراوانەی كە لەبارەی میوزیك و گۆرانییەوە جێماون زۆر قورس بووە.

 

پڕۆفیسۆر ئارماند دانجۆر مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی مۆسیقای كلاسیك لە زانكۆی ئۆكسفۆرد لە ساڵی 2013وە سەرقاڵی توێژینەوەیە لەو بوارەدا و تێڕوانینی خۆی بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی میوزیكی ئیغریقی خستۆتەڕوو.

 

دانجۆر بە هاوكاری چەند پسپۆڕێكی دیكەی هونەری و شوێنەواریی میوزیكی كلاسیكی ئەوروپی، توانیویانە میوزیك و گۆرانی كۆنی یۆنانی زیندووبكەنەوە، هەروەها ئامێرێكی میللی ئەو سەردەمەشیان دروستكردووەتەوە كە بە (aulos) ناودەبرێت‌و كە لە دووپارچە پێكدێت‌و وەك قەسەب وان.

 

هەرچەندە تائێستا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ شێواز و خێرایی ڕیتمەكانی میوزیك لەو سەردەمەدا، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە خێرایی و خاوبونەوەی ڕیتمەكان بەپێی وەزنی شیعرەكان گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە.

 

ساڵی 2016 دانجۆر میوزیكی ئۆریستیس-ی لێدایەوە كە لەسەر پارچە كاغەزێكی بەردی نوسراوەو بە زیندوویی پێشكەشكرا لەسەر وەزنی كۆمەڵێك شیعر.

 

 

میوزیكی ئۆریستیس

 

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی ئەو پڕۆفیسۆرە ئاشكرایدەكات میوزیكی ئەو سەردەمە ڕەچەڵەكی میوزیكی ئەوروپییە، ئەوەش پێچەوانەی ئەو ڕا و بۆچونانەیە كەباسیان لەوە دەكرد مێژووی میوزیكی كلاسیكی ئەوروپی لە دوای سەدەی نۆیەمی زاینییەوە دەستپێدەكات.