نهێنیی ژیانی هۆنزاكان؛ تەمەنیان درێژەو پیر نابن‌و نەخۆش ناكەون

20-08-2018 01:38

 

پەرەگراف

 

خەڵكی یەكێك لە ناوچەكانی پاكستان، ژیانێكی جیاواز لە تەواوی خەڵكی جیهانیان هەیە، نەخۆش ناكەون‌و پیریی بە ڕوخساریانەوە دیار نییەو تەمەنێكی درێژیان هەیە.

 

گەلی هۆنزا، دەكەونە دۆڵی خالیدی لە باكوری پاكستان نزیك چیای كاراكۆرام، ئەوان جیاوازن لە خەڵكی ئاسایی‌و تەمەنیان دەگاتە نزیكەی 140 ساڵ.

 

جگە لەوەی تەمەنێكی درێژیان هەیە، نیشانەكانی پیری بە ڕوخساریانەوە دەرناكەوێت بەجۆرێك كاتێك كەسێكی تەمەن 70 ساڵی خەڵكی ناوچەكە دەبینیت وەك كەسێك دەردەكەوێت كە لە هەڕەتی لاوێتیدایە.

 

 

خەڵكی ئەو ناوچەیە هیچ كێشەیەكی تەندروستی‌و نەخۆشی درێژخایەنیان نییە‌و تائێستاش هیچ حاڵەتێكی توشبوون بە شێرپەنجە لەنێویاندا تۆمارنەكراوە، ئەمە جگە لەوەی دوورن لە كێشەكانی خەمۆكی‌و دڵەڕاوكێ‌و كۆڵۆن‌و نەخۆشییە دەرونییەكان‌و چەندین كێشەی تەندروستی دیكە كە وڵاتانی جیهانی داگیركردووە.

 

 

خانمەكانی ئەو گەلە تا تەمەنی 65 ساڵی وەچە دەخەنەوەو منداڵەكانیشیان بە تەندروستییەكی زۆر باشەوە لەدایك دەبن.

 

هۆنزاكان بەوە ناسراون كە بەردەوام پێدەكەنن‌و گرنگییەكی زۆر بە خواردنی خۆراكی تەندروست دەدەن بەتایبەت میوە‌و سەوزەو چەرەساتەكان لەگەڵ شیر و هێلكەو پەنیر، هەروەها ساڵانە تەنها دووجار گۆشت دەخۆن، هاوكات ڕۆژانە بۆ ماوەیەكی زۆر بەپێ دەڕۆن كە دەگاتە نزیكەی 15 بۆ 20 كیلۆمەتر، ئەمە جگەلەوەی لەكاتی سەرمای زۆریشدا بە ئاوی سارد خۆیان دەشۆن.

 

ئەو كەسانەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر ژیانی هۆنزاكان كردووە، باسلەوەدەكەن ئەو سیستمی ژیانەی ئەوانی تێدان زۆر تەندروستە، ڕەنگە هەر ئەوەش نهێنیی تەمەن درێژی‌و نەخۆش نەكەوتن‌و پیرنەبونی ئەوان بێت.

 

 

بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، هۆنزاكان لە سەدەی چوارەمی زاینی چونەتە ئەو ناوچەیەی پاكستان، هەندێك سەرچاوە دەڵێن، لەگەڵ جەنگیزخانی سەركردەی مەغۆلەكان ڕوویان لەوێ كردووە، لەئێستاشدا ژمارەیان 100 هەزار كەس دەبێت و سەرجەمیان موسڵمانن‌و بەزمانی زمانی پرۆشسكی دەدوێن.