دادوەرێكی ئەمەریكی بەشێوەیەكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ تۆمەتباران دەكات

12-09-2018 03:47

 

پەرەگراف

 

دادوەرێكی ئەمەریكی بەشێوەیەكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارانە دەكات كە لە قەفەسی تاوان دێنە بەردەمی، بەو هۆیەشەوە دەبێتە خاوەنی ناوبانگێكی زۆر.

 

فرانك كاپرۆ، تەمەنی 81 ساڵە و چەندین ساڵە وەك دادوەر لە دادگاكانی ئەمەریكا خزمەت دەكات، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند گرتەیەكی ڤیدیۆی دانیشتنەكانی بڵاوبۆتەوەو تێیدا بەشێوەیەكی زۆر نەرم و نیان مامەڵە لەگەڵ تۆمەتبارەكان دەكات، ئەو ڤیدیۆیانە زیاتر لە ملیارێك بینەری هەبووە.

 

ڕۆژنامەی دەیای مەیلی بەریتانی باسی لەوە كردووە، فرانك بەهۆی ناوبانگە زۆرەكەی بڕیارە 24ی ئەم مانگە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی تایبەتی بۆ ڕێكبخرێت، تا بینەران زیاتر پێی ئاشنابن.

 

ئەو دادوەرە دەیەوێت لەڕێی مامەڵەیەكی جیاوازو هێمنەوە ڕۆحی یاسا جێبەجێ بكات، هەروەها یارمەتی ئەو كەسانە بدات كە تۆمەتبارن و سەرپێچییەكی یاساییان ئەنجامداوە.

 

جگە لەو شێوازی مامەڵەیە زۆر جار هەوڵی كەمكردنەوەی سزاكانیان دەدات و یارمەتی ماددی پێشكەش بەوانە دەكات كە دۆخی ئابورییان خراپە، بۆ ئەوەی پارێزەرێك ئامادە بكەن، ئەمە جگە لەوەی گرنگی بە دۆخی تەندروستی و كۆمەڵایەتیشیان دەدات.

 

یەكێك لە گرتە ڤیدیۆكانی دادوەرەكە نزیكەی 170 ملیۆن بینەری هەبووە و بۆ 9 زمانی جیهان وەرگێڕدراوە، ئەویش لابردنی سزای دارایی سەر خانمێكە كە لەلایەن هاتوچۆوە 400 دۆلاری بۆ نوسراوە.

 

ئەو خانمە كاتێك ئەو سەرپێچیەی ئەنجامداوە كە لە دۆخێكی دەرونی خراپدا بووە بەو پێیەی ماوەیەك بەر لەوە كوڕێكی كوژراوە، لەبەر ئەو هۆكارەش فرامك-ی دادوەر سزاكەی لەسەر لادەبات.