بە ڤیدیۆ؛ كۆمپانیای ئەپڵ سێ جۆری نوێی مۆبایل‌و كاتژمێرێكی نمایشكرد

13-09-2018 03:29

 

پەرەگراف

 

كۆمپانیای ئەپڵ نوێترین بەرهەمەكانی خۆی نمایشكرد كە لە سێ جۆری جیاوازی مۆبایل و كاتژمێرێكی زیرەك پێكهاتووە، بەوەش جارێكی دیكە سەرنجی ئاشقانی تەكنەلۆژیاو ئامێرە زیرەكەكانی بۆ خۆی ڕاكێشا.

 

ئەپڵ لە ئیڤێنتی ساڵانەی خۆیدا كە دوێنێ لە هۆڵی ستیڤ جۆبز لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمەریكا ئەنجامدرا، سێ مۆبایل‌و كاتژمێرێكی زیرەكی نمایشكرد كە هەریەكەیان خاوەنی تایبەتمەندی و سیستمی كاركردنی خۆیەتی و چەند جیاوازییەكیان تێدایە لەگەڵ بەرهەمەكانی پێشووی كۆمپانیاكە.

 

مۆبایلەكان بریتین لە؛ ئایفۆن ئیكس ئێس، ئایفۆن ئێكس ئاڕ، ئایفۆن ئێكس ئێس ماكس كە بەزیرەكترین و گەورەترین مۆبایلەكانی ئایفۆن دادەنرێت و چەندین تایبەتمەندی تێدایە كە جیاوازە لە سەرجەم ئەو مۆبایلانەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێن و سەرجەمیان لەم مانگەدا دەخرێنە بازاڕەوە.

 

ئایفۆن ئێكس ئێس ماكس بە شاشەیەكی ئێچ دی‌و قەبارەی 6.5 ئینج لە جۆری ئۆ ئێڵ ئی دی دروستكراوە، هەروەها بە سیستمی فەیس ئایدی كاردەكات كە بەراورد بە مۆبایلی ئایفۆن ئێكسی پێشوو خێراتر ڕوخساری خاوەنەكەی دەناسێتەوە.

 

مۆبایلەكە سێ قەبارەی جیاوازی هەیە ئەوانیش 64 و 256 و 515 گێگابایتە، هەروەها دژە ئاوەو دەتوانرێت تا قوڵایی دوو مەتر و بۆ ماوەی 30 خولەك لە ئاودا دابنرێت.

 

ئایفۆن ئێكس ئێس ماكس بە ڕەنگەكانی زیوی و خۆڵەمێشی و ئاڵتونی بەرهەمهێنراوە و نرخەكەی لە هەزار و 99 دۆلاری ئەمەریكییەوە دەستپێدەكات.

 

جۆری دووەمی مۆبایلە نوێیەكەی كۆمپانیای ئایفۆن، ئایفۆن ئێكس ئێسە كە سەرجەم تایبەتمەندیی سیستمەكانی وەك ئێكس ماكس وایە، بەڵام ئەم جۆرە شاشەكەی 5.8 ئینجە و ڕوونی وێنەكانی سەرڕووی شاشەكە كەمێك كەمترە بەراورد بە جۆرەكەی دیكە، ئەوەش وایكردووە نرخەكەی كەمێك هەرزانتر بێت و لە 999 دۆلارەوە دەستپێبكات.

 

هەرچی ئایفۆن ئێكس ئاڕە دوو سیمكارتە و بە تایبەت بۆ بازاڕەكانی وڵاتی چین دروستكراوەو بۆ چەند كۆمپانیایەكی پەیوەندیكردنی ئەو وڵاتە كاردەكات، ئەمەش بۆ یەكەمجارە كۆمپانیای ئەپڵ ئایفۆنی دوو سیمكاریتی دروستبكات.

 

شاشەی ئێكس ئاڕ 6.1 ئینجە و ڕوونی وێنەكانی كەمێك كەمترە بەراورد بە دوو جۆرەكەی دیكە، هەروەها لە بری دانانی شاشەی ئۆ ئێڵ ئی دی، سیستمی ئێڵ سی دی بۆ دانراوە.

 

قەبارەكانی ئەم جۆرەیان 64 و 128 و 256 گێگابایتە، بە چەند ڕەنگێكی جیاوازیش دەخرێتە بازاڕەوە، كە بریتین لە؛ ڕەش، سپی، شین و زەرد و پەمەیی، نرخەكەشی لە 749 دۆلارەوە دەستپێدەكات.

 

مۆبایلە نوێیەكانی ئایفۆن.

 

سەبارەت بە كاتژمێرە زیرەكەكەی ئەپڵ كە بە ۆچ فۆر ناسراوە، قەبارەی شاشەكەی بەڕێژەی %30 لە بەرهەمی پێشوو گەورەتر كراوەو چەندین سیستمی نوێی تایبەت بە تەندروستی و پێوانەی دڵ و دیاریكردنی حاڵەتی جەڵتەی دڵی تێدایە.

 

كاتژمێرەكە دژی ئاو و خوڵ و هەڵمە بە چەند شێوە و ڕەنگێكی جیاواز دەفرۆشرێت، نرخەكەشی لە 399 دۆلارەوە دەستپێدەكات.

 

كاتژمێرە نوێیەكەی ئەپڵ.