بە ڤیدیۆ؛ لەشی زانایەكی ئەمەریكی بەرگری دژی ژەهری مار پەیدا كردووە

07-10-2018 01:57

 

پەرەگراف

 

لەشی زانایەكی ئەمەریكی بەرگریی دژی ژەهری مار پەیداكردووەو لە هەوڵدایە چارەسەرێك بۆ ئەو كەسانە بدۆزێتەوە كە بەهۆی پێوەدانی مارەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.

 

تیم فریدی، تەمەنی 39 ساڵەو خەڵكی ویلایەتی ویسكۆنسنی ئەمریكایە، هەوڵیداوە لەڕێی توێژینەوەیەكەوە توانای بەرگری لەشی، دژی ژەهری مار بزانێت، بۆ ئەمەش خۆی ڕووبەڕووی مارێكی جۆری مامبای ڕەش كردۆتەوە كە خاوەنی مەترسیدارترین جۆری ژەهرە لە جیهاندا.

 

فریدی لە 17 ساڵی ڕابردوودا بە سەدان جار مار پێوەیداوە، مەترسیدارترینیان ئەو كاتە بووە كە دوو جار لەسەر یەك مارێكی كوبرا پێوەیداوە، بەڵام ئەو چەند چارەسەرێك بەكاردەهێنێت كە خۆی دروستیان دەكات و بەهۆیەوە بەرگری لەشی دژی پێوەدانی مار بەڕادەیەك بەهێز بووە كە ژەهرەكان كاری لێناكەن.

 

بۆ دڵنیا بونەوە لە كاریگەری چارەسەرەكانی، ئەو زانایە مارێكی جۆری مامبای ڕەش بە دەستیەوە دەگرێت‌و چوار جار پێوەی دەدات، بەڵام ژەهرەكەی هیچ كاریگەرییەكی لەسەر دروست نەكردووە و توشی هیچ كێشەیەك نەبووە، لەكاتێكدا ئەو جۆرە مارە خاوەنی ژەهرێكە كە بە یەكێك لە مەترسیدارترینەكانی جیهان دادەنرێت‌و بە ژەهری دەماری ناودەبرێت، ئەگەر هەیە لەماوەی 15 خولەكدا دوای پێوەدانی مارەكە ئەو ژەهرە كەسەكە بكوژێت.

 

ئەو زانا ئەمەریكییە دەیەوێت لەو ڕێیەوە جۆرە چارەسەرێك دژی پێوەدانی مار دروست بكات، تا ژیانی ئەو كەسانە ڕزگار بكات كە مار پێوەیان دەدات و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.