بەكتریای مەترسیدار لەسەر دراوی بەریتانی بڵاودەبێتەوە

11-10-2018 01:28

 

پەرەگراف

 

توێژینەوەیەكی بەریتانی بونی چەند جۆرێك بەكتریای مەترسیدار لەسەر دراوی ئەو وڵاتە ئاشكرا دەكات، ئەوەش هاوڵاتیانی توشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر كردووە.

 

توێژینەوەكە لە زانكۆی لەندەن میترۆپۆلیتان ئەنجامدراوەو باسی لە بونی دوو جۆر بەكتریای مەترسیدار كردووە كە لەسەر پارەی كاغەز و كانزاكانی ئەو وڵاتە بونی هەیە و بە مەترسییەك ناوی بردووە لەسەر ژیانی مرۆڤ بەتایبەت ئەگەر بگاتە یەكێك لە ئەندامەكانی لەش.

 

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە نمونەیان لە 36 دراوی كاغەز و كانزایی وەرگرتووە و بۆ ماوەی هەشت هەفتە پشكنینی بەردەوامیان بۆ دراوەكان كردووە تا چەند جۆرێكی جیاوازی بەكتریایان لەسەر دۆزیونەتەوە.

 

توێژەرەكان باسیان لەوە كردووە بەشێوەیەكی گشتی 19 بەكتریای جۆراوجۆر لەسەر دراوەكانی ئەو وڵاتە بونیان هەیە، بەڵام دوو لەوانە زۆر مەترسیدارن كە ڕەنگە هەڕەشەبن بۆسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە‌و ئەو كەسانەی دراوی بەریتانی بەكاردەهێنن، بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵەش لە میدیاكانی ئەو وڵاتەدا دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبووە‌و ترسی لای زۆر كەس دروست كردووە.

 

ئەو بەركتریایانە تەنانەت لەسەر دراوی پێنج و دە جنێی ئیستەرلینیش بونیان هەیە كە ماوەی چەند ساڵێكی كەمە خراونەتە بازاڕەكانی ئەو وڵاتەوەو لە ماددەیەك دروستكراون كە لە پلاستیك نزیكە و دڕاندن و لەتكردنیان ئاسان نییە.

 

پسپۆڕەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، بەكتریاكان لەسەر پارەكان گەشە دەكەن و زیاتر بڵاودەبنەوە، بەوەش مەترسییەكانیان زیاتر دەبێت، بەوپێیەی پارەكان دەچنە دەست كەسانێكی زۆر و ئاڵوگۆڕی بەردەوامی پێدەكرێت ئەوا مەترسییەكان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان زیاتر دەبن.

 

بۆ كەمكردنەوەی ئەو مەترسییانە پسپۆڕەكان داوایان لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە كردووە زیاتر گرنگی بە بەكارهێنانی كارتی بانكی بدەن بۆ ئەوەی كەمترین مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببێت و ئەگەرەكانی بەریەككەوتنیان لەگەڵ ئەو دوو جۆرە بەكتریایە كەم ببێتەوە، لەبەرئەوەی كارتە بانكییەكان ئەو جۆرە بەكتریایانەیان لەسەر نەدۆزراوەتەوە.