دزێك لە دوكەڵكێشی چێشتخانەیەكدا ڕزگاركرا

16-10-2018 02:29

 

پەرەگراف

 

پۆلیسی بەڕازیل ژیانی دزێك لە مردن ڕزگار دەكات، دوای ئەوەی لە دوكەڵكێشی چێشتخانەیەكدا گیری خواردووە كاتێك ویستویەتی لەو شوێنەوە بچێتە چێشتخانەكەوە بۆ دزی كردن.

 

لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە گرتەیەكی ڤیدیۆی بڵاوكراوەتەوە كە تێیدا چەند پۆلیسێكی ئاگركوژێنەوەی شاری ماچادۆی باشوری بەڕازیل دەردەكەون كە لەهەوڵی ڕزگاركردنی دزێكدان لەناو دوكەڵكێشی چێشتخانەیەكدا.

 

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی چەند زانیارییەكی لەبارەی ئەو دزەوە ئاشكرا كردووە كە ناوی لۆچیانۆ دی ئۆلیڤێرایە و تەمەنی 41 ساڵە و ویستویەتی لەڕێی دوكەڵكێشەوە بچێتە چێشتخانەكە و دزی ئەنجام بدات، بەڵام لەكاتی هاتنە خوارەوەدا گیری خواردووە و نەیتوانیوە خۆی ڕزگار بكات.

 

لۆچیانۆ دی ئۆلیڤێرا كاتێك گوێی لەدەنگی ژنێك بووە كە لە نزیك شوێنەكەوە ڕۆیشتووە هاواری كردووە تا فریای بكەون، دوای گەیشتنی تیمەكانیش توانراوە بە چەند كاتژمێرێك ڕزگار بكرێت و بە چەوریی زەیت و دوكەڵی ڕەشەوە لەو شوێنە بهێنرێتە دەرەوە.

 

دزەكە دوای ڕزگاركردنی براوەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، لێكۆڵینەوەكانیش پێشتریش دەریانخستووە كە چەندین دۆسیەی پێشتری دزیكردنی هەیە و بڕیارە بەم زووانە دادگای بكرێت.