پیاوی شێوە شێر چارەسەر كرا

20-10-2018 12:36

 

پەرەگراف

 

پسپۆڕێكی هیندی نەشتەرگەری دروستكردنەوەی ڕوخساری بۆ پیاوێكی توشبوو بە نەخۆشی شێوە شێر، بەسەركەتویی ئەنجام دەدات.

 

سۆریش پیاوێكی هیندی خەڵكی هەرێمی تامیل نادۆی هیندستانەو ماوەی 20 ساڵە توشی نەخۆشییەكی دەگمەن بووە كە بە شێوە شێر ناسراوە و حاڵەتەكەی بریتییە لە هەڵئاوسان و گەورەبونی ڕوخسار بەجۆرێك شێوەی وەكو شێر دەردەكەوێت.

 

ڕۆژنامەی میرەری بەریتانی ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو پیاوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەردانی چەندین پزیشكی پسپۆڕ كردووە، بەڵام نەیاتوانیوە چارەسەری بكەن، تادواجار پزیشكێك بەناوی سۆنێل ڕیچاردسۆن نەشتەرگەریی دروستكردنەوەی ڕوخساری بۆ ئەنجامداوە.

 

ریچاردسۆن هەستاوە بە بڕینی ئەو ئێسكانەی دەموچاوی كە ئاوساو و گەورەبوون، بۆ ئەوەی ڕوخساری ئاسایی ببێتەوە، ئەوەش بە یەكێك لە نەشتەرگەرییەك قورسەكان دادەنرێت و كەسەكە ئازارێكی زۆری دەبێت.

 

پزیشكەكە باسی لەوە كردووە، پێشتر دوانزە پسپۆڕی دیكە ئەو نەخۆشەیان بینیوە و چارەسەریان نەكردووە، بەڵام ئەو بڕیاریداوە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدات، بەهۆی خراپی دۆخی دارایی نەخۆشەكەشەوە هیچ پارەیەكی بۆ نەشتەرگەرییەكە نەداوە و تەنها بۆ وەرگرتنی دەرمان پارەی خەرج كردووە.