بەهۆی ئالودەبون بە خواردنەوەی كۆكاكۆلا توشی چی بوو؟

24-10-2018 01:23

 

پەرەگراف

 

خانمێكی بەریتانی بەهۆی ئالودەبوونی بە خواردنەوەی كۆكاكۆلا باری تەندروستی تێكدەچێت و توشی نەخۆشی كەمخوێنی دەبێت.

 

بیكی دین تەمەن 36 ساڵ، حەزێكی زۆر بۆ خواردنەوەی كۆكاكۆلا هەیە بەجۆرێك لەتەمەنی 11 ساڵییەوە ئالودەی ئەو خواردنەوەیە بووە، بەیانیان دەستپێكی ڕۆژەكەی بە خواردنەوەی قوتویەك كۆكاكۆلا بووە، دواتریش لە كاتەكانی دیكەدا چەند قوتویەكی دیكەی خواردووەتەوە.

 

ئەو خانمە دەڵێت "بەیانیان كە هەڵدەستم قوتویەك دەخۆمەوە، لەنێوان بەیانی و نیوەڕۆدا قوتویەكی دیكە، دواتر لەگەڵ ژەمی نیوەڕواندا قوتویەك و لە عەسر و ئێوارە‌و شەوانیشدا هەمان بڕ دەخۆمەوە، ئەمە جگە لەوەی لەكاتی كاردا دەبێت بەردەوام ئەو خواردنەوەیەم پێبێت".

 

بیكی لەماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە نزیكەی هەشت قوتو كۆلای خواردۆتەوە، ئەوەش كاریگەری تەواوی لەسەر تەندروستی هەبووە و ڕۆژێك لەكاتی چونی بۆسەر كارەكەی بوراوەتەوە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە دەردەكەوێت توشی نەخۆشی كەمخوێنی بووە، بۆ باشبونی دۆخی تەندروستیشی پسپۆڕەكان داوایان لێكردووە گۆڕانكاری لە سیستمی ژیانیدا بكات‌و لە خواردنەوە گازییەكان دووربكەوێتەوە.

 

ئەو خانمە بەریتانییە، لەپێناو تەندروستی خۆی و خێزانەكەیدا بڕیارێكی چارەنوسسازی داوەو لەمانگی ئەیلولی ڕابردوودا هیچ قوتویەك كۆكاكۆلای نەخواردووەتەوە.

 

كۆمپانیای كۆكاكۆلا بەردەوام ڕەتیدەكاتەوە شەكرو كافاینی پێكهاتەی خواردنەوەكەی، ببێتە هۆی ئالودەبوون و كۆمپانیاكە ئاماژە بەوە دەكات ماوەی 125 ساڵە كافاینی تەندروست لە دروستكردنی خواردنەوەكانیدا بەكاردەهێنێت.