چۆن لە ماوەی دوو خولەكدا خەوت لێدەكەوێت؟ تەكنیكێكی سوپای ئەمەریكا!

01-11-2018 09:24

 

پەرەگراف

 

لەم سەردەمەدا بەشێكی زۆری هاوڵاتیان لە سەرتاسەری جیهان بە دەست كێشەی درەنگ خەو لێكەوتنەوە دەناڵێنن، چیتر ژوورێكی تاریك، بێدەنگ و فێنك بەس نییە بۆ ئەوەی زوو خەوت لێ بكەوێت، بەڵكو سەردەمی نوێ تەكنیكی نوێی دەوێت.

 

یەكێك لە تەكنیكە سەركەوتووەكان بۆ زوو خەولێكەوتن ئەوەیە كە لە ناو ڕیزەكانی سوپای ئەمەریكادا بەكارهێنراوە، تا ئەندامەكانی ئەو سوپایە لەو ماوە كەمەی هەیانە بتوانن زوو خەویان لێ بكەوێت و پشووی تەواوەتی وەربگرن.

 

بەپێی توێژینەوەكان كە دوای شەش هەفتە لەبەكارهێنانی ئەم تەكنیكە ئەنجامدران، تەكنیكەكە لەسەدا 96 ڕێژەی سەركەوتنی هەیە، ئەمەش هەنگاوە جەستەیی و دەروونییەكانی ئەم ڕێگایەیە بۆ زوو خەولێكەوتن.

 

هەنگاوی یەكەم

ماسوولكەكانی دەمووچاوت ئارام بكەرەوە، لەنێویاندا زمان، شەویلگە و ماسوولكەكانی دەوری چاو.

 

 

هەنگاوی دووەم

شانەكانت تا دەكرێت بهێنەخوارەوە، دواتر قۆڵەكانت ئارام بكەرەوە، جارێك لەسەر ڕوویەكیان، جارێكی دیكە لەسەر ڕووەكەی تر.

 

 

هەنگاوی سێیەم

هەناسەیەكی قووڵ بدەرەوە و سنگت ئارام بكەرەوە، دواتر ڕانەكانت خاو بكەرەوە و بەشێوەی وێنەكەی لێ بكە.

 

 

هەنگاوی چوارەم

دوای 10 چركە لە خاوبوونەوەی تەواوی لەشت، ئێستا كاتی ئەوەیە بەتەواوی دەروونیشت خاو ببێتەوە و بچیتە خەوێكی قووڵەوە، ئەویش بە بیركردنەوە لە یەكێك لەم سێ وێنەیە.

 

وێنەی یەكەم:

بیهێنە پێش چاوی خۆت لە بەلەمێكدا پاڵكەوتویت و هیچت لێ دیارنییە جگە لە ئاسمانێكی شین لە سەرتەوە.

 

وێنەی دووەم:

وای دابنێ لە جۆلانێیەكی ڕەشدایت كە بە ژوورێكدا هەڵواسراوە ئەویش سەقفەكەی ڕەشە.

 

وێنەی سێیەم:

كاتێك ڕاكشاویت بۆ ماوەی 10 چركە بەخۆت بڵێ "بیرمەكەرەوە.. بیرمەكەرەوە.. بیرمەكەرەوە."