ئەم خانمە توانیویەتی لە ساڵێكدا 70 كیلۆ لە كێشی دابەزێنێت

26-11-2018 04:31

 

پەرەگراف

 

خانمێكی بەریتانی بەماوەی ساڵێك خۆی لە قەڵەوی ڕزگار كردو بڕێكی زۆر لە كێشی دابەزاند.

 

ڕەیچەڵ ئایرەسی، تەمەن 45 ساڵ، یەكێك بووە لەو كەسانەی كێشەی قەڵەوی هەبووەو كێشی لەشی 145 كیلۆ بووە، بەڵام بەهۆی بەرنامەیەكی تایبەتەوە توانیویەتی 70 كیلۆ لە كێشی دابەزێنێت و ئێستا كێشێكی ئاسایی هەیە.

 

ئەو خانمە بە ڕۆژنامەی میرەری بەریتانی ڕاگەیاندووە، چەند هۆكارێك پاڵنەربوون تا ئەو كارە بكات، یەكێك لەوانە قەڵەویی باوكی بووە كە توشی شەكرەی كردووە‌و دواتریش پزیشكەكان نەشتەرگەری چاویان بۆ كردووەو بەهۆیەوە %20 هەستی بینینی لەدەستداوە، ئەوەش زۆر ئەوی ترساندووەو وایلێكردووە بیر لەو پرسیارە بكاتەوە دوای 20 ساڵی دیكە ئەویش چی لێدێت.

 

ڕەیچەڵ لەگەڵ وێنەیەكی 14 مانگ پێشتری خۆی.

 

ڕووداوێكی دیكە كە ئایرەس بەهۆی قەڵەوییەوە بەسەری هاتووە، لەكاتی گەشتكردنیدا بووە بە فڕۆكە كاتێك ناچاربووە سێ كورسی بگرێت تاوەكو بەهۆی قەڵەوییەكەیەوە كەسانی دیكە لە تەنیشتییەوە بێزار نەبن.

 

ڕەیچەڵ دەڵێت"لەمانگی سێپتەمبەری ڕابردوودا بڕیارمدا بە بەرنامەیەكی تایبەت كێشی لەشم دابەزێنم و سەركەوتنم بەدەستهێناو ئێستا زۆر دڵخۆشم كە توانیومە ژەمەكانم كۆنتڕۆڵ بكەم، هەروەها دەتوانم بچمە كەناردەریا و بێ هیچ كێشەیەك جلی مەلە لەبەر بكەم بێ ئەوەی كەس سەیرم بكات."