بۆچی ئەمڕۆ ملیۆنان کەس لە گوگڵ بەدوای وشەی "گەمژە"ـدا گەڕاون؟

12-12-2018 07:59

 

پەرەگراف

 

ئەمڕۆ کۆنگرێسی ئەمریکا بانگهێشتی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەورە کۆمپانیای بواری ئینتەرنێت گوگڵی کرد، لە یەکێک لە پرسیارەکاندا ئەندامێکی کۆنگرێس لێی پرسی "بۆچی لە کاتی گەڕان بەدوای وشەی 'گەمژە' لە گوگڵ وێنەی دۆناڵد ترەمپ پیشان دەدات" لە دوای ئەوەش ملیۆنان کەس لە گوگڵ بەدوای ئەو وشەیەدا  گەڕان.

 

سەندەر پیاچی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گوگڵ کە گەورەترین تۆڕی گەڕانە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا، ئەمڕۆ بانگهێشتی کۆنگرێسی ئەمریکا کرا و لەبارەی چۆنیەتی کارەکانی ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییە و بازرگانییەکانی لە وڵاتی چین پرسیاری لێ کرا.

 

یەکێک لە پرسیارە چاوەڕواننەکراوەکان بۆ بەڕێوەبەرەکەی گوگڵ، ئەوە بوو کە بۆچی کاتێک بەدوای وشەی گەمژە (بە زمانی ئنگلیزیی idiot) دەگەڕێیت وێنەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیشان دەدات؟

لە دوای ئەوەش ملیۆنان هاوڵاتی لە ئەمەریکا و جیهان لە گوگڵ بەدوای ئەو وشەیەدا گەڕان، بەڵێ ڕاستە، لە بەشی وێنەکاندا چەندین وێنەی ترەمپ لەکاتی گەڕان بەدوای وشەی "گەمژە"دا دەهێنێت.

بەڕێوەبەرەکەی گوگڵ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ڕوونی کردەوە کە ئەو کارە لەدەستی ئەواندا نییە و ئەوە پەیوەندی هەیە بەوەی بەشداربوویەكی زۆر لە تۆڕی ئینتەرنێتدا لەگەڵ وشەی "idiot" وێنەی ترەمپیان داناوە، هەر بۆیە وێنەی سەرۆکی ئەمریکا پیشاندەدات.

پیاچی جەختی لەوەش کردەوە ئەوان هیچ هەڵوێست و لایەندارییەکی سیاسییان بۆ هیچ لایەنێک نییە.


Donald Trump