كونسوڵێكی عێراق لە ئێران دەبێتە "پاڵەوان"ی ڕیكلامی سەنتەرێكی جوانكاری

12-01-2019 04:35

 

پەرەگراف

یاسین شەریف كونسوڵی عێراق لە شاری مەشهەدی ئێران ڕیكلامێكی بازرگانی بۆ یەكێك لەسەنتەرەكانی جوانكاری دەكات لەو شارە.

ئەو كارەی كونسوڵی عێراق بەدەرە لە عورفی دیپلۆماسیی‌و بەشێوەیەكی فراوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوەو خەڵكێكی زۆر لەسەر ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەسانی ئاسایی ڕەخنەیان لە یاسین شەریف گرتووە.

شەریف لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا، داوا لەو عێراقییانە دەكات كە دەیانەوێت سەردانی سەنتەرەكە بكەن كە تایبەتە بە چاندنەوەی قژو نەشتەرگەریی جوانكاری، ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ نوێنەرەكانیان بكەن و ئاگاداربن لەوەی كەسانی دیكە بە پارەیەكی زۆر هەڵیاننەخڵەتێنن، ئامادەیی كونسوڵخانەشی پیشانداوە بۆ هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی دەیانەوێت سەردانی سەنتەرەكە بكەن.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەكی فەرەمی لەوبارەیەوە بڵاوكردووەتەوەو ئەوەی خستوەتەڕوو، محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق بڕیاری بانگهێشتكردنی ئەو كونسوڵەی داوە بەمەبەستی لێپێچینەوە.