تابلۆی دوانانی ئێوارە نهێنی "كۆتایی هاتنی دونیا"ی شاردووەتەوە

13-01-2019 04:31
تابلۆی (دوا نانی ئێوارە) كە یەكێكە لە شاكارەكانی نیگاركێشی ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤنشی.

 پەرەگراف

لێكۆڵەرێكی ئیتاڵیی "كاتی ڕاستیی كۆتایی هاتنی دونیا" ئاشكرا دەكات، ئەوەش دوای ئەوەی نهێنی و ئاماژەكانی سەر تابلۆیەكی لیۆناردۆ داڤنشی دەخوێنێتەوە.

تابلۆی (دوا نانی ئێوارە) یەكێكە لە شاكارەكانی نیگاركێشی ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤنشی و چەند نهێنیی‌و ئاماژەیەكی تێدایە كە چەند ساڵە نەتوانراوە بخوێنرێنەوە و ئاشكرا بكرێن.

وێنەكە بریتییە لەو ساتەی پێغەمبەر مەسیح بە خوێندكارەكانی ڕادەگەیەنێت كە یەكێكیان ناپاكیی لەگەڵ كردووە، ئەو ڕووداوە بە دوا نانی ئێوارە ناونراوەو لە كتێبی ئینجیلیشدا باسكراوە.

ساڤرینا سۆرڤۆتس گالیتسا كە لێكۆڵەرێكی ئیتاڵییەو لە زانكۆی كالیفۆرنیای ئەمەریكا لەسەر كارەكانی داڤنشی خوێندویەتی، توانیویەتی دوای چەند ساڵێك وردبونەوە، نهێنیی تابلۆكە ئاشكرا بكات كە لە پەنجەرەكەی پشتی پێغەمبەر مەسیحدایە.

لەو پەنجەرەیەدا چەند هێمایەكی بیركاری و فەلەكی و چەند بابەتێكی دیكە هەن، لەو ڕێیەوە نهێنییەكەی دۆزیوەتەوە كە 24 پیتی لاتینییە لە مانای 24 كاتژمێر لە ڕۆژێكدا.

لێكۆڵەرە ئیتاڵییەكە كە ئێستا كار لەسەر ئەرشیفی ڤاتیكان دەكات، باسی لەوە كردووە، كۆتایی دونیا لە ڕۆژی یەكی تشرینی دووەمی ساڵی 4006دا دەبێت، ئەوەش بەهۆی لافاو و زریانێكی گەورەوە كە لەمانگی ئازاری ئەو ساڵەدا دەستپێدەكات و لە مانگی تشرینی دووەم كۆتایی بە دونیا دەهێنێت و سەرەتای زەوی و ئاسمانی نوێ دەستپێدەكات.