دوو هاوسەر بە پارەی چا فرۆشتن سەردانی وڵاتانی جیهان دەكەن

14-01-2019 02:15

پەرەگراف

زۆرن ئەو كەسانەی حەزیان بە ئەنجامدانی گەشت و گەڕانی وڵاتانی جیهان هەیە، بەڵام زۆرجار كێشەی دارایی و پارە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو حەزەیاندا، بەڵام دوو هاوسەری هیندی بە پارەی چا فرۆشتن توانیویانە گەشت بۆ زۆرینەی وڵاتانی جیهان بكەن.

ڤیجان‌و موهانا، دوو هاوسەرن كە لە حەفتاكانی تەمەنیاندان و 45 ساڵە هاوسەرگیرییان كردووەو خاوەنی چایخانەیەكن لە شاری كۆچی هیندستان، ماوەی چەندین ساڵە ڕۆژانە 4 دۆلار لە داهاتی چایخانەكەیان كۆدەكەنەوە بۆ گەشتكردن، تائێستاش توانیویانە سەردانی 23 وڵات بكەن، لەوانە(سەنگاپور، سویسرا، ئەرجەنتین، بەڕازیل‌و ئەمەریكا) چەندین وڵاتی دیكەش، بەمزووانەش دەیانەوێت بچنە سوید و دانیمارك و نەرویج، هەروەها گرینلاند و هۆڵەندە.

ڤیجان دەڵێت، بەر لە 56 ساڵ چایخانەكەی كردووەتەوە، ئەوەش پێش چەند ساڵێك بووە لە هاوسەرگیریكردن لەگەڵ موهانا، دوای دروستكردنی خێزانیش پێكەوە بڕیاریانداوە بەردەوام پلانی گەشتكردنیان هەبێت و بەشێكی داهاتەكەیانی بۆ كۆبكەنەوە.

دەربارەی ئەوەی چی فێربووە لەو گەشتانەی كە كردوویەتی، ڤیجان دەڵێت"ئەوە بیركردنەوەو كولتورت دەگۆڕێت."

ڤیجان‌و موهانا