ئێران شكستیهێنا لە جێگیركردنی مانگە دەستكردەكەی لە بۆشایی ئاسمان

15-01-2019 11:50

پەرەگراف

هەوڵەكانی جێگیركردنی ئەو مانگە دەستكردەی كە ئێران ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانی كرد، لە خولگەكەیدا شكستی هێنا.

محەمەد جەواد ئازەری جەهرومی، وەزیری گەیاندن و تەكنەلۆژیای زانیاریی ئێران، لە لێدوانێكدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، ئاشكرای كرد "سەرلەبەیانیی ڕۆژی 15/1/2019 مانگی دەستكردی پەیام-یان لە بنكەی ئاسمانیی ئیمام خومەینیەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كردووە".

وەزیری گەیاندن و تەكنەلۆژیای زانیاریی ئێران ئەوەی خستەڕوو، قۆناغی یەكەم و دووەمی دوای هەڵدانی مانگە دەستكردەكە لە ڕێگەی مووشەكە گوێزەرەوەكەیەوە سەركەوتوو بووە، بەڵام قۆناغی جیابوونەوەی مانگە دەستكردەكە لە مووشەكەكە، شكستی هێناوە.

جەهرومی وتی"خێرایی جیابوونەوەی مانگە دەستكردەكە لە مووشەكە گوێزەرەوەكە گونجاو نەبووەو نەیتوانیوە بگاتە خێرایی پێویست. هەر بۆیە لە دوایین قۆناغدا نەتواندرا مانگە دەستكردەكە لە خولگەكەدا جێگیر بكرێت."

حكومەتی ئێران دوو هەفتە لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو كە لە پلانیدایە لە ڕێگەی مووشەكی سیمورغەوە مانگی دەستكردی(پەیام و دۆستی) كە كێشەكەی 90 كیلۆگرامە و بە ئامانجێكی مەدەنیی بەكاردەهێنرێت، ڕەوانەی بۆشایی ئاسان بكات.