ژنێك لە وێستگەی شەمەندەفەردا منداڵی دەبێت‌و خوێندكارێك ژیانی ڕزگار دەكات

19-01-2019 06:07


پەرەگراف

خوێندكارێكی كۆلێژی پزیشكی لە وێستگەیەكدا لە شاری لەندەن، بە هانای منداڵێكی تازە لەدایكبوو و دایكیەوە دەچێت و ژیانیان ڕزگار دەكات، ئەوەش كاتێك ژنەكە لە وێستگەكەدا منداڵەكەی بووە.

ئەو خوێندكارە كە لە یەكەمین ساڵی خوێندنی پزیشكیدایە، ناوی حەمزە سەلیم-ە و تەمەنی 21 ساڵە، باس لەوە دەكات كە بەڕێوەبووە بۆ ماڵەوە كاتێك ڕووداوەكە ڕوویداوە.

"گوێم لە دەنگی قیژەی بەرزی ژنێك بوو، سەرەتا وام دەزانی شەڕێك ڕووی داوە، بەڵام كە چوومە پێشەوە شتێكی دیكەم بینی"، حەمزە وادەڵێت.

حەمزە سەلیم

ئەو خوێندكارە كە لە زانكۆ پزیشكیی دەخوێنێت، بینیویەتی ژنێك بە منداڵێكی تازە لەدایكبووەوە لە خوێنێكی زۆردا كەوتوون‌و كەس نییە هاوكارییان بكات، بۆیە بڕیار دەدات چی لەو بارەیەوە دەزانێت بیخاتە خزمەتی ئەو دایكەو منداڵەكەی.

هەرچەندە حەمزە داوا دەكات كەسێكی شارەزاتر بچێت بە هانای منداڵ‌و دایكەكەوە، بەڵام كەسی لەو شێوەیە لەو ناوەدا نابێت، بۆیە خێرا بلوسەكەی دادەكەنێت و منداڵەكەی تێوەدەپێچێت.

خوێندكارەكە باس لەوە دەكات، لە زانكۆ هێشتا چۆنیەتی لەدایكبوونی منداڵیان نەخوێندوە، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا خۆی چەند بابەتێكی لەو بارەیەوە خوێندوەتەوە، ئەوەش بەس بووە بۆ ئەوەی ژیانی منداڵەكە و دایكی ڕزگار بكات.

دواتر تیمی فریاكەوتنی پزیشكی دەگەنە شوێنی ڕووداوەكەو دایك و منداڵەكە دەبەنە نەخۆشخانە، لە ئێستاشدا باری تەندروستی هەردووكیان جێگیرە.