چۆن خەسوت دەكەیت بەهاوڕێیەكی نزیك

20-01-2019 11:35

پەرەگراف

لەبەشێكی زۆری كۆمەڵگەكانی جیهانی پەیوەندی نێوان بوك و خەسوو هەستیاریی تێدایە و زۆر كات كێشە لە نێوانیاندا دروست دەبێت كە كاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان هاوسەرەكان دەبێت.

ماڵپەڕی (brazenwoman.com) چەند ئامۆژگارییەكی بۆ خانمان داناوەو باسی لەوە كردووە بە جێبەجێكردنیان، پەیوەندییەكی بەهێزی هاوڕێیەتی لەنێوان بوك و خەسودا دروست دەبێت و لە كێشە و گرفت بەدوور دەبن.

1- تێگەیشتن لە خەسوو؛ پێویستە بوك لە دایكی هاوسەرەكەی تێبگات و ڕێز لە بیر و بۆچونەكانی بگرێت، لەهەمان كاتدا هەوڵی سەپاندنی ڕای خۆی نەدات لەسەر بابەتە جیاوازەكان، بەتایبەت گەر پێكەوە لەماڵێكدا بژین.

2- گفتوگۆی هێمن؛ ئەگەر كێشەیەك لەنێوان بوك و خەسودا دروستبێت، باشترە بەشێوەیەكی هێمن و لەسەرخۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەكە بكەن و چارەسەرێك بدۆزنەوە كە هەردوو لایان ئاسودە بكات.

3- دووركەوتنەوە لە ڕكابەریكردن؛ ڕەنگە خەسوو هەستیاریی بەرامبەر بە هەندێ بابەت و قسەی دیاریكراو هەبێت، بۆیە پێوست بوك بەو بابەتانە ڕكابەری نەكات بەشێوەیەكی نەرم و وشەی گونجاو مامەڵەی لەگەڵ بكات.

4- دروستكردنی پەیوەندی؛ پێوستە پردێكی پتەوی پەیوەندی لەگەڵ خەسودا دروست بكرێت، بوك بەردەوام قسەی لەگەڵ بكات و لەڕێی تەلەفونەوە هەواڵی تەندروستی بپرسێت، هەروەها گرنگە سەردانی بكرێت و بۆ چەند شوێنێكی جیاوازیش پێكەوە بچن بە تایبەت بازاڕكردن و نانخواردن لە ڕێستۆرانت.

5- سوپاسگوزاری؛ خەسوو زۆركات یارمەتی پێشكەشی بوكەكەی دەكات بە تایبەت لەڕووی كاروباری ماڵ و چاودێریكردنی منداڵ، بۆیە باشترە سوپاسی ئەو كارانەی بكرێت.