یەكەمجار چۆن و كەی چایی هێنرا بۆ سلێمانی

20-01-2019 04:59

پەرەگراف- سەڵاح سالار

134 ساڵ بەر لە ئێستا بۆ یەكەمجار چایی هێنرایە شاری سلێمانی و لەوێشەوە بە كوردستاندا تەشەنەی سەند.

ساڵی 1885 بازرگانێكی شاری سلێمانی بە ناوی (مەلا محەمەدی مەلا غەفوور) بۆ كاری بازرگانی دەچێتە وڵاتی ئێران، لەوێ تەماشا دەكات لە دوكانی قاوەخانەكان خەڵكیی شتێك دەخۆنەوە كە قاوە نییە، بەڵكو پێی دەڵێن چایی.

مەلا محەمەدیش داوای چاییەك دەكات، كە دەیخواتەوە بەلایەوە خواردنەوەیەكی خۆش دەبێت، بۆیە پاش تەواوبوونی كاروباری بازارگانیەكەی دەچێتە بازاڕ هەندێك چایی و سەماوەر و قۆری و كتری و پیاڵە و ژێرپیاڵە و شەكر دەكڕێت و دەیهێنێتەوە بۆ شاری سلێمانی.

ناوبراو لە ماڵەوە دەست دەكات بە خواردنەوەی چایی و خەڵكی گەڕەكیش دەبیستن مەلا محەمەد شتێكی هێناوە پێی دەڵێن چایی و زۆر خۆشە، ئیتر بە مەبەستی چایی خواردنەوە شەوانە دەچن بۆ ماڵی مەلا محەمەد و هەموو فێری چایی خواردنەوە دەبن.

مەلا محەمەدی مەلا غەفووریش لەوكاتە بەدوا بە مەلا محەمەدی چایی دەناسرێت و پاش خۆیشی مەلا ئەحمەدی كوڕی هەر بە مەلا ئەحمەدی چایی دەناسرێت.

ماڵی مەلا محەمەدی چایی لە گەڕەكی دەرگەزێن لە خوار ماڵی عیزت بەگی وەسمان پاشا بوو، حەوشەیەكی فراوانی هەبوو، باخێكی خۆش و گەورەی تێدابوو. پاش كۆچی دوایی مەلا محەمەد، لە ساڵانی گرانییەكەدا مەلا ئەحمەدی كوڕی خانووەكەی فرۆشت بە حاجی ئەحمەدی پیرۆز.

شیاوی باسە پێشتر لە سلێمانی و شارەكانی كوردستان قاوە و قاوەخانە هەبوو، بەڵام تا ئەوكاتە چایی بوونی نەبووە. بۆیە تا ئەم ساڵانەی دواییش بە چایخانەیان دەوت قاوەخانە و تا ئێستاش ئەو وشەیە هەر بوونی ماوە.

تێبینی: سوودم لە كتێبی (شاری سلێمانی)، بەرگی یەكەم. نووسین و كۆكردنەوەی ئەكرەمی مەحموودی ساڵی ڕەشە. وەرگرتووە.